بۆ كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى داواى سێ ملیۆن دۆلار ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 18/01/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
12 ساڵ بەرلەئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی خستەبواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تائێستا نەخۆشخانەکە نەکراوەتەوە، كۆمپانیاى جێبه‌كاریش بۆ كردنه‌وه‌ى داواى سێ ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌ت ده‌كات.


رزگار محه‌مه‌د، نوێنه‌رى كۆمپانیاى زاگرۆس، كۆمپانیاى جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌ى دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌کە به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى نه‌خۆشخانه‌كه‌ كاره‌كانى كۆتایى هاتووه‌ و ئامێرى پێویستیشى بۆ دابینكراوه‌، به‌ڵام ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌و ئامێرانه‌ تێست بكرێن، جگەلەوەش بڕى سێ ملیۆن دۆلارمان لاى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ و تائێستا بۆمان خه‌رجنه‌كراوه‌.

وتیشی: "به‌ نوسراوى فه‌رمى داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كردووه‌ له‌و سێ ملیۆن دۆلاره‌ بڕى یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلارمان بۆ خه‌رجبكرێت بۆ ئه‌وه‌ى چیتر كردنه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ دوانه‌كه‌وێت، ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌شمان له‌و گرفته‌ ئاگاردار كردووه‌ته‌وه‌".

لاى خۆیه‌وه‌ كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دواڕۆژی روونکردەوە: دواكه‌وتنى كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى چاره‌سه‌ركردنى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى نیگه‌رانى ئێمه‌ و كه‌سوكارى شه‌هیدان و بریندارانى چه‌كى كیمیایشى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى كۆمپانیاى جێبه‌جێكار كۆبووینه‌ته‌وه‌ و تاوتوێى كێشه‌ و گرفته‌كانمان كردووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ بێت وه‌ك ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موو كار ئاسانییه‌ك دەکەین بۆ خێراكردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌، هاوكات ئه‌وه‌شى په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ بێت فشاره‌كانمان زیادده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیاى جیبه‌جێكار خه‌رجبكه‌ن.

پ: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure