په‌رله‌مانتارێكى یەكێتی: سوورین لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی داد

هەواڵ / عێراق :: 18/01/2019‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: لەلایەن حیزبەكەمه‌وه‌ هیچ بڕیارێكمان بۆ نەهاتووە كە رێككەوتنی سیاسی كرابێت بۆ پێدانی وەزارەتی داد بەكاندیدێكی بێلایەن و دەشڵێت :"ئێستاش سوورین لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە".


د.میران محەمەد، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: لەسەرەتاوە سووربوون لەسەر ئەوەی وەزارەتێك مافی یەكێتی-یە. 21 وەزارەت لە حكومەتی عێراق هەبووە، ئەگەر هەمووی بدرێتە كەسانی بێلایەن و تەكنۆكرات كێشەمان نییە، بەڵام هەمووی بەحیزبەكان دراوە، ئەو بێلایەنییە تەنها بۆ ئەوەیە مافی یەكێتی بخورێت.

وتیشى: "وەكو فراكسیۆن هیچ هەواڵێمیان بۆ نەهاتووە كە حیزبەكەمان  رێككەوتنی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە كردبێت، تائێستاش لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە سوورین".

دوێنێ لە چەند میدیایەكی نێوخۆیی و عەرەبی بڵاوكرایەوە كە یەكێتی و پارتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی وەزارەتی داد بدرێتە كاندیدێكی بێلایەن بەو مەرجەی خەڵكی سلێمانی یان كەركوك بێت.

پێشتر دادوەر رزگار محەمەد ئەمین، وەكو كاندیدێكی سەربەخۆ كە خەڵكی سلێمانی-یە، سیڤی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد پێشكەشی حكومەتی عێراق كردووە، ناوبراو له‌وباره‌یه‌وه‌ بە دواڕۆژی راگەیاند :"هیچ زانیارییەكانی لەو بارەیەوە نییە كە یەكێتی و پارتی لەسەر كاندیدێكی بێلایەن رێككەوتبن، لەلایەن حكومەتی عێراقی-شەوە بۆ ئەو مەبەستە ئاگادار نەكراوەتەوە".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن
بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure