"داوای لێبوردنی سه‌عید كاكەیی لەكۆمسیاران، گۆڕانی نیگەران كردووە"

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2019‌ :: 576‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
داوای لێبوردنى سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەپشكی گۆڕان، بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەرانكردووە و كاندیدێكی دەرنەچووشیان دەڵێت :"پابەندی سیاسی و كاری حزیبی وای پێویستدەكرد سەعید كاكەیی پێش ئەوەی لێبوردنی رەسمی لەبەردەم ئەنجومەنی كۆمیسیاراندا پێشكەش بكات، بگەڕایاتەوە بۆ حیزب و رای بزوتنەوەی گۆڕانی وەربگرتایە".


ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى كانونى دووه‌م، گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەعید كاكەیی بڵاوكرایەوە كە تیایدا داوای لێبوردن لەئەنجومەنی كۆمسیاران دەكات لەسەر ئەو قسانەی ساڵی رابردوو كردی دەربارەی هەبوونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق.

ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و كاندیدی دەرنەچووی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاندووە :"پابەندی سیاسی و كاری حزیبی وای پێویست دەكرد سەعید كاكەیی پێش ئەوەی لێبوردنی رەسمی لەبەردەم ئەنجومەنی كۆمیسیاراندا پێشكەش بكات، بگەڕایاتەوە بۆ حیزب و رای بزوتنەوەی گۆڕانی وەربگرتایە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە :"دوای بەدواداچوون زانیم (ئەوەی سەعید كاكەیی لەگرتە ڤیدیۆكەیدا دەیڵێت تەنها رای خۆیەتی و رای گۆڕان جیاوازە، پێیوایە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە 12/5 گۆڕان لە هەرێم و كەركوكدا تەزویری گەورەی لێكراوە و زۆرێك لەكورسیەكانی براون)".

ئەمین بەكر ئاماژەی بەوەشكردووە :"خۆی، وەكو كاندیدێك كە زیانی راستەوخۆی بەركەوت لەگەڵ زۆرێك لەهاوڕێ كاندیدەكانی، لەدوای پڕۆسەكە لەگەڵ بەشێك لەهاوڕێكانی لەفراكسیۆن و ژووری هەڵبژاردن بەدواداچونیان كردووە و بەدەیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ساختەی ئەلكترۆنی و تەقلیدی كەوتۆتە بەردەستیان، بەجۆرێك كە هیچ دەزگایەكی فەرمی عێراقی بێجگە لەسەرۆكایەتی كۆمار، نەما كە دان بەتەزویرەكەدا نەنێت و تەنانەت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق لەكۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا باسی تەزویری هەڵبژاردنەكەی كرد".

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕان دەشڵێت :"پێویستبوو كاك سەعید ئەوەی لەبەرچاو بگرتایە كە ئەو پۆستەی ئەو هی بزوتنەوەی گۆڕانە و بگەڕایەتەوە بۆ بزووتنەوەكە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی لەو شێوەیە، ئەگەرچی كاك سەعید لەسەر ئاستی كەسی هاوڕێمە، بەڵام بەو هەڵوێستەی هەموو كایدر و هەڵسوڕاو دەنگدەرانی گۆڕان و ئەو لایەنانەی تریش كە زیانمەندی تەزویر بوون و بەتایبەتیش ئێمەی كاندیدانی تەزویر لێكراوی نیگەران كرد".

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پشكی گۆڕان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند :"ئەوە بەشێكی زۆر بچووكی وتارێكمە رۆژی 13-11-2018 داوای لێبوردنم تەنها لەئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردووە، نەك لە كۆمسیۆن، چونكە بەڵگەم لەسەر ئەندامانی كۆمسیاران نییە بۆ ساختەكاری".

سەبارەت بەوەی جیاوازی لەنێوان ئەندامانی كۆمسیاران و كۆمسیۆن چییە بۆ ساختەكارییەكان، ناوبراو وتیشى :"جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، چونكە بەڵگەكان هەن كە ساختەكاری كراون، لەسەر ئەو بەڵگانە 5 بەڕێوەبەری گشتی دوورخرانەوە، كۆگاكانی كۆمسیۆن لە ناوچەی رەسافەی بەغداد سووتێنران، كۆگاكانی كەرخ وێرانكران، یاریكردن بە هارددرایڤەكان، دەستكاریكردنی راگەیاندنی ئاكامە سەرەتاییەكان، ئەوانە بەڵگەن و  ناشاردێنەوە".

سەعید كاكەیی ئاماژەی بەوەشكرد :"ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو بەشە بچووكەی وتارەكەیان بڵاوكردۆتەوە و دەیانەوێت ده‌ستمله‌كار پێ بكێشنه‌وه‌، ئەگینا ئێستاش لەسەر بۆچوونەكانم سوورم كە ساختەكاری كراوە".

ناوبراو روونیكردەوە :"دوای ئەو داوای لێبوردنە بەهەفتەیەك دەستیان پێكێشانەوەیان بۆ كردووە، ئێستا ئەو ڤیدیۆیەیان بەكارهێناوە تا كار بكەنە سەر پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی متمانەی لێوەربگرنەوە".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure