یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكاران: سلێمانى 65%ى كاڵاكانى ئێران به‌كارده‌هێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 18/01/2019‌ :: 217‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
سه‌رۆكى گشتى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكارانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سلێمانى 65%ى كاڵاكانى ئێران به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و وڵاته‌ هه‌نارده‌ى چه‌ند كاڵایه‌كى قه‌ده‌غه‌كردووه‌، ده‌شڵێت "ساڵانه‌ به‌ نزیكه‌ى شه‌ش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانى ده‌كه‌ین".


شێخ مسته‌فا شێخ عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكى گشتى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكارانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت :"له‌مكاته‌ى كه‌ ئه‌مریكا ئابڵوقه‌ى ئابورى خستۆته‌سه‌ر ئێران هه‌ندێك كاڵا هه‌یه‌ كه‌مه‌ و ئێران ناتوانێت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌شى هاوڵاتیانى خۆى ناكات، بۆیه‌ هه‌نارده‌كردنى 12 مادده‌ى قه‌ده‌غه‌كردووه‌".

وتیشى :"له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌ماته‌ و دۆشاوى ته‌ماته‌ و گۆشت و شیرینى و شیرى وشك و كاغه‌ز و چا چه‌ند مادده‌یه‌كى ترى قه‌ده‌غه‌كرد، به‌ڵام قه‌ده‌غه‌ى له‌سه‌ر به‌شێكى كه‌میان لابرد".

شێخ مسته‌فا، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا :"ئێران ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ كاڵاكانى بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو وڵاتێك به‌تایبه‌تى بۆ وڵاتانى دراوسێى، عێراق یه‌كه‌مین وڵاته‌ بۆ هاورده‌كردنى كاڵاكانى ئێران، به‌ڵام به‌شێك له‌و ماددانه‌ به‌شى ناوخۆى خۆى ناكات بۆیه‌ هه‌نارده‌كردنیانى قه‌ده‌غه‌كردووه‌".

باسى له‌وه‌شكرد :"شارى سلێمانى له‌ 65%ى كاڵاكانى ئێران به‌كارده‌هێنێت، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ سلێمانى سنورێكى گه‌وره‌ى به‌و وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ دێزه‌مانه‌وه‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌".

سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌ و ناردنكارانى كوردستان، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ساڵانه‌ى زیاتر له‌ شه‌ش ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن
بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure