حاجی ئۆمەران.. نیو مەتر بەفر باریوە و جموجۆڵی بازرگانی و مەدەنی سستكردووە

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2019‌ :: 429‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 
بەهۆی بارینی زیاتر لە نیو مەتر بەفر ئاستەنگی زۆر بۆ هاتوچۆ دروستبووە، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت: "بەفر و ساردیی كەشوهەوا جموجۆڵی بازرگانی و مەدەنی زۆر سستكردووە". 


سیروان حسێن بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەدواڕۆژی وت: "لەسنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران كەشوهەوایەكی سارد هەیە و نیو مەتر بەفر-یش باریوە و دیوی ئێرانیش بەهەمان شێوە، كە كاریگەری زۆری كردۆتە سەر جموجۆڵ لەمەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران". 

ئاماژەی بەوەشدا: بەفر ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆ دروستكردووە و شەقام و ڕێگاكانی بوونەتە مایەی دروستبوونی شەختە و بەستەڵەك. 

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەزری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران وتیشی: "بەهۆی ئەو بەفرەی لەهەردوو سنورەكە باریوە، جموجۆڵی بازرگانی و مەدەنی لە مەرزەكە زۆر سستكردووە". 

باسی لەوەشكرد، تیمەكان لەدیوی هەرێمی كوردستان بەردەوام سەرقاڵی پاككردنەوەی ڕێگاكەن، بەڵام بەهۆی ساردیی كەشوهەواوە پێڕاناگەن خێرا ڕێگەكان پاك بكەنەوە و زوو وەك خۆی لێدێتەوە، لە دیوی ئێرانیش گرفتی زۆر هەیە، چونكە تیمەكانی ئەوان درەنگ ڕێگەكان پاك دەكەنەوە. 


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure