حیزبی شیوعی: ئۆپۆزسیۆنبوون دابڕان نییە لەهێزە سیاسییەكان

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت ئەوان بڕیاری خۆیان بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون داوە، ئاماژە بەوەش دەكات، پەیوەندی ئەوان لەگەڵ حیزبە سیاسییەكان بەرنامەیە كە رەنگە لە هەندێك خاڵدا بەشێك لەئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش لەگەڵیان بن.


كاوە مەحمود، سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوان ئامادەی گفتوگۆی سیاسیین لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بەڵام ئامادە نین بڕۆنە حكومەتی نوێوە، چونكە بڕیاریانداوە ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنبوونیش مانای دابڕان نییە لە هەموو هێزە سیاسییەكان چ ئەوانەی دەڕۆنە حكومەت و چ ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزسیۆن.

سەبارەت بەوەی ئەگەر تەنها یەكگرتووی ئیسلامی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوونە ئۆپۆزسیۆن، ئەوان ئامادەن بەرەیەكیان لەگەڵ دروست بكەن بكەن، ناوبراو وتی "ئێمە رامانگەیاندووە ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات دەبین، پشت دەبەستین بەو بەرنامەی كە لەلیستەكەمان بڵاومانكردۆتەوە جا هەر لایەنێك بیەوێت لەسەر ئەو بەرنامەیە هاوكاریمان بكات ئەگەر ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات بێت".

كاوە مەحمود روونیكردەوە "بنەمای پەیوەندی ئێمە لەگەڵ حیزبە سیاسییەكان بەرنامەیە، ئێمە داوای نەهێشتنی پاشەكەوتی ئیجباری دەكەین، رەنگە بەشێك لەئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش لەگەڵیدا بن، لەگەڵ دەستوورێكی دیموكراتی عەلمانین، رەنگە بەشێكی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵی بێت و بەشێكی دیكەی لەگەڵی نەبێت".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر ژمارەی ئۆپۆزسیۆنی ئەمجارە كەمتر بێت، ئایا كاریگەرییان دەبێت، سكرتێری حیزبی شیوعی ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ئۆپۆزسیۆن پەیوەندی بە ژمارەی كورسییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو بەرنامەیەوە هەیە كە دەیخاتەڕوو پاشان چۆن دەتوانێت خەڵك لەدەوری بەرنامەكەی كۆبكاتەوە.
  
حیزبی شیوعی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان یەك كورسییان بەدەستهێنا.
پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure