كونسڵی ھندستان کارێکی جیاواز لە سلێمانی بۆ بازرگانان دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 18/01/2019‌ :: 744‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد 
كونسڵی ھندستان بۆ لەمەودوا لەشاری سلێمانی پەنجەمۆری ئەو بازرگانانە وەردەگرێت کە داوای فیزای وڵاتەکەی دەکەن تا نەچنە ھەولێر.


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی وت :"چاندرا مۆڵی کیرن، کونسڵی ھندستان لەھەولێر سەردانیکردین و داوای لێکردین کاری ھاوبەشی بازرگانی زیاتر بکەین، بەو پێیەی شاری سلێمانی بازرگانانی زیاتر و کاری بازرگانی لەگەڵ ھندستان دەکەن".

راشیگەیاند: "مەبەستی سەردانەکە بۆ گرنگیدانی ھاوکارییە لەلایەن ژووری بازرگانی سلێمانی تا ھاوکارمان بێت لەوەی دەمانەوێت شاندی بازرگانی گەورە بھێنین بۆ شاری سلێمانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆببنەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: داوایانکرد لە کردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی سلێمانی بەشداری بکەین و بانگھێشتنامەیان بەدەستبگات تا ئەوانیش کۆمپانیا گەورەکانمان ئاگادار بکەینەوە و بەشداری بکەن.

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئەوەشی وت: "پێشنیارمانکرد کە کونسڵی ھندستان کارێک بۆ بازرگانان بکات کە پەنجەمۆریان لە سلێمانی لێوەربگیرێت کاتێک داوای فیزادەکەن بۆئه‌وه‌ى بازرگانان نەچنە ھەولێر، کونسڵی ھندستان بڕیاریدا کە مانگانە ڕۆژێک تەرخان بکەن، لە بینای ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پەنجەمۆری ئەو بازرگانانە وەربگرن کە لە سلێمانیەوە داوای فیزەی ئەو ووڵاتەیان کردووە تا بازرگانان نەچن بۆ ھەولێر ھەر لە سلێمانی کارەکانیان بۆ بکرێت".

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure