ساڵی رابردوو 349 پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2019‌ :: 186‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا له‌باری ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری  ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ساڵی 2018 ساڵێكی خراپ بووه‌ بۆ ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان و تیایدا 264 رۆژنامه‌نوس و دامه‌زراوه‌ی میدیایی سكاڵایان لای سه‌نته‌ره‌كه‌یان تۆماركردووه‌ كه‌ پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه‌.


 ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى كانونى دووه‌م شنه‌ به‌رزنجی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌نته‌ری میترۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: ساڵی رابردوو ره‌وشی ئازادی و كاركردنی رۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان پاشه‌كشه‌یكردوه‌‌ و 264 ده‌زگا و رۆژنامه‌نوس سكاڵایان لای ئێمه‌ تۆماركردووه‌ كه‌ پێشیلكاری به‌رامبه‌ر به‌ 349 رۆژنامه‌نوس كراوه‌.

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆی ئه‌و پێشێكاریانه‌ 188 حاڵه‌تی رێگری و جیاكاری بوون و  24 رۆژنامه‌نوسیش به‌بێ بڕیاری دادگا ده‌ستبه‌سه‌ركراون ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى 17 حاڵه‌تى ده‌ستگیركردن به‌ بڕیاری دادگا، 13 حاڵه‌تی لێدان له‌ رۆژنامه‌نوسان و 12 حاڵه‌تی برینداركردنی رۆژنامه‌نوسان و  سێ حاڵه‌تی شكاندنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌نوس هه‌بووه‌.

شنه‌ به‌رزنجی، وتیشی: "هه‌ر له‌ ساڵی 2018 به‌پێی سكڵاكانی لای ئێمه‌ 24 حاڵه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌نوسی، 27 حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نوس  و سێ حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن و هێرشكردن بۆسه‌ر ماڵی رۆژنامه‌نوسان هه‌بووه‌ و یه‌ك كه‌ناڵیش سوتاوه‌ و پێنج ده‌زگاش په‌خشه‌كانیان راگیراوه‌".

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌دا زیا بوترس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند: "جێگای داخه‌ به‌پێی راپۆرته‌كان پێشیلكاری و هێرش و لێدان له‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان  له‌هه‌ڵكشاندایه‌ به‌تایبه‌تیش ساڵی رابردوو".

 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure