بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان ساڵانه‌ هه‌رێم پێویستى به‌ نزیكه‌ى دوو ملیار دۆلار هه‌یه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/01/2019‌ :: 363‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
به‌رپرسێكى باڵاى وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیەنێت: حکومەتی هەرێم ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 1.9 ملیار دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ئاوارە و پەنابەران.


هۆشەنگ محەمەد، بەرپرسی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى كانونى دووه‌مى 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی راپۆرتی مانگی 12ى ساڵی 2018 بۆمان دەرکەوتووە، حکومەتی هەرێم ساڵانە پێویستی بە نزیکەی یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ئاوارە و پەنابەرە سووریەکان لە کامپەکاندا.

وتیشى: وەک لە راپۆرتەکانماندا دەستنیشانمان کردوه‌، رێژەی ئاوارەبوون بەردەوام بوو لە ماوەی ساڵی 2018 و تائێستاش خەڵک ناچارن بە بەجێهێشتنی شوێنەکانیان بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خراپی بژێوی ژیانیان، كە روودەكەنە هەرێمی کوردستان.

رونیشیكردوه‌: "لە 2018دا نزیکەی 32 هەزار و 222 ئاوارە و پەنابەر گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان. بە نزیکەیی 28 هەزار و 487 کەس لەوانە ئاوارەبوون و 3 هەزار و 397 کەسیش پەنابەری سووری بوون.

هۆشەنگ محەمەد وتیشى: لەئێستادا حکومەتی هەرێم 249 هەزار و 639 پەنابەری سووری و 20 هەزار و 757 پەنابەری تورکی و 13 هەزار و 62 و پەنابەری ئێرانی و 756 پەنابەری فەلەستینی لەخۆدەگرێت. 

ئاماژەی بەوەشدا: زۆربەی ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێ دەژین. لەکاتێکدا تەنیا 37٪ لەوانە لەناو کەمپەکان دەژین کە ژمارەیان 38 کەمپە. 50٪ ئاوارەکان لە پارێزگای هەولێر دەژین، 31٪ لە پارێزگای دهۆک، وە 19٪ لە پارێزگای سلێمانی.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure