پارتى و یه‌كێتیى له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك و پارێزگار ڕێكده‌كه‌ون

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2019‌ :: 8948‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى ڕایده‌گه‌یه‌نێت: پرسى كه‌ركوك و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ له‌ پاڵ پێكهێنانى حكومه‌ت و واژووكردنى ڕێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان پرسى كه‌ركوكیش له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتیى یه‌كلابكرێته‌وه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسه‌وه‌ ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى دووشه‌ممه‌ی ڕابردووى پارتى و یه‌كێتیى، له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك پارتى دڵنیایى داوه‌ته‌ یه‌كێتیى كه‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان پارێزگارى كه‌ركوك له‌ لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ دیاریبكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌ كات و گفتووگۆى زیاتر، بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتیى له‌وه‌دا هاوكاربێت له‌گه‌ڵ پارتى بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا.

دواڕۆژ زانیویه‌تى هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ سیاسییه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى داهاتوو له‌ نێوان هه‌ردوولا واژۆ بكرێت، یه‌كێك له‌ماده‌ و بڕگه‌كانى تایبه‌ت بێت به‌ پرسى كه‌ركوك و دانانى پارێزگار، هه‌ردوولاش به‌شێوه‌یه‌كى زاره‌كى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتوون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد: پارتی و یه‌كێتی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هیچ كاتێكى دیاریكراو دانانێن بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵكو بڕگه‌و ماده‌كان به‌شێوه‌یه‌ك دابڕێژرێت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو كێشه‌كانى كه‌ركوك چاره‌سه‌ربكرێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تى یه‌كێتى ڕازیبووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك له‌سه‌ره‌تادا ڕاسته‌وخۆ پارێزگار داده‌نرێت، به‌و مه‌رجه‌ى له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا دواى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ به‌غدا و لایه‌نه‌كانى كه‌ركوك، ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك كارابكرێته‌وه‌، پاشان ده‌ستبكرێت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و پاشان دانانى پارێزگارى نوێ.

لاى خۆیه‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دانوستانكارى یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ وتی: "شاندێکی باڵا هه‌یه‌ بەدواداچوون بۆ پرسى کەرکوک و بەغدا ده‌كات، ئه‌م پرسه‌ش ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ى نێوانى پارتى و یه‌كێتیى".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: پێویسته‌ پرسەکانی کەرکوك و عێراق و هەرێم بەیەکەوە چارەسەر بکرێن، پارتی بۆچوونی وایە کە ئەم پرسانە لەیەك جیابکرێنەوە، یه‌كێتیش پێیوایە ئەم پرسانە ناکرێت لە یەك جیابکرێتەوە.

ڕوونیشكرده‌وه‌: پرسی پێكهێنانى حكومه‌ت و پرسى كه‌ركوك دوو پرسی جیاوازن، چونكه‌ پرسی کەرکوک پرسێکی گرنگه‌و به‌شێك له‌چاره‌سه‌ره‌كانیش به‌ كاراكردنه‌وه‌ى ئەنجومەنی پارێزگاو دواتر قۆناغى ئاساییكردنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنى پارێزگاری كه‌ركوك ده‌بێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure