كاكه‌یی: داواى لێبوردنم له‌ كۆمسیۆن نه‌كردووه‌ و ئێستاش ده‌ڵێم ساخته‌كاری كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2019‌ :: 2031‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رەتیدەكاتەوە لەسەر "ساختەكار"ی هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق داوای لێبوردنی لە كۆمسیۆن كردبێت، بەڵكو تەنها داوای لێبوردنی لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردووە.


ئەمڕۆ گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەعید كاكەیی بڵاوكرایەوە كە تیایدا داوای لێبوردن لەئەنجومەنی كۆمسیاران دەكات لەسەر ئەو قسانەی ساڵی رابردوو كردی دەربارەی تێوه‌گلانی ئه‌ندامانی كۆمسیاران له‌ ساختەكاری هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق.

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پشكی گۆڕان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ وتی: "ئەوە بەشێكی زۆر بچووكی وتارێكمە رۆژی 13-11-2018 داوای لێبوردنم تەنیا لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردووە، نەك لە كۆمسیۆن، چونكە بەڵگەم لەسەر ئەندامانی كۆمسیاران نییە بۆ ساختەكاریی".

سەبارەت بەوەی جیاوازی لەنێوان ئەندامانی كۆمسیاران و كۆمسیۆن چییە بۆ ساختەكارییەكان، ناوبراو وتی: "جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، چونكە بەڵگەكان هەن كە ساختەكاری كراون، لەسەر ئەو بەڵگانە 5 بەڕێوەبەری گشتی دوورخرانەوە، كۆگاكانی كۆمسیۆن لە ناوچەی رەسافەی بەغدا سووتێنران، كۆگاكانی كەرخ وێرانكران، یاریكردن بە هاردرایڤەكان، دەستكاریكردنی راگەیاندنی ئاكامە سەرەتاییەكان، ئەوانە بەڵگەن و  ناشاردێنەوە".

سەعید كاكەیی ئاماژەی بەوەكرد: بەڵام ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو بەشە بچووكەی وتارەكەیان بڵاوكردووه‌تەوەو دەیانەوێت ده‌ستم پێ له‌كاربكێشنه‌وه‌ بكەن، ئەگینا ئێستاش لەسەر بۆچوونەكانم سوورم كە ساختەكاریی كراوە".

وتیشی: "دوای ئەو داوای لێبوردنە بەهەفتەیەك (ده‌ستكێشانه‌وه‌)یان بۆ كردووم و ئێستا ئەو ڤیدیۆیەیان بەكارهێناوە تا كار بكەنەسەر پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی متمانەم لێوەربگرنەوە".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure