سلێمانی: به‌هۆی به‌فربارینه‌وه‌ تیمی خێرا پێكهێنرا

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2019‌ :: 822‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنن تیمی فریاگوزاری خێرایان بۆ پاككردنەوەی بەفر لەشەقام و رێگەوبانەكان پێكهێناوە.

رزگار ئەحمەد، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی بەفربارین و دروستكردنی ئاستەنگی شەقام و رێگەوبانەكان، تیمی فریاگوزاری خێرا لە كارمەندانی ئامێرەكان و خزمەتگوزاری و ئاوەڕۆ پێكهێناوە كە  20 كارمەندن بە 10 ئامێری جۆراوجۆرە، هەروەها لە درەنگانی شەویشەوە (خوێ)یان رشتووە بۆ رێگری لە رووداوی هاتووچۆ.

هاوكات ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "لە زۆربەی ناوچەكانی دەرەوەی سلێمانی تیمه‌كانیان ئامادەن و داواش لە هاووڵاتیان دەكەن، ئەگەر چوونە ناوچە شاخاوییەكان زنجیر ببەستن و بە پێداویستی تەواوەوه‌ رووی تێبكەن".

لای خۆیه‌وه‌ رائید كاروان حەمەسدیق، وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا بەهۆی بەفربارینەوە هیچ رێگەیەك دانەخراوە.

لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێكی بەفربارین رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەمڕۆش لەناو سەنتەری شاری سلێمانی بەفربارین دەستیپێكردووە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure