دواڕۆژ به‌شێك له‌ ناوه‌رۆكى پڕۆژه‌ى گۆڕان بۆ حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2019‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پڕۆژه‌یه‌كى تایبه‌تى به‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوه‌ته‌ پارتى دیموكراتى كوردستان و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى نێوان هه‌ردوولاش پارتى به‌ رەسمى پڕۆژه‌كه‌ى قبوڵكردوه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، سێشه‌ممه‌ى رابردوو 15ى كانونى دووه‌م، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ رەسمى پڕۆژه‌یه‌كى پێشكه‌شى پارتى كردووه‌ وه‌ك مه‌رج بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت، شاندى باڵاى ئه‌و حیزبه‌ش پڕۆژه‌كه‌یان قبوڵكردووه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش پێكهێنراوه‌، به‌مه‌به‌ستى دانانى خاڵه‌كانى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بۆ ناو به‌رنامه‌ى حكومه‌ت.

ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ى گۆڕانیش له‌م چه‌ند خاڵه‌ى خواره‌وه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌:

1. كاركردن بۆ زیاتركردنى ده‌سه‌ڵاتى  چاودێرى په‌رله‌مان و رێگرینه‌كردن له‌ ده‌سه‌ڵاتى چاودێرى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.

2. په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى ساڵانه‌ى هه‌رێم له‌ كاتى خۆیدا.

3. نوسینه‌وه‌ و داڕشتنى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌ی سازان و چه‌سپاندنى سیستمى په‌رله‌مانى.

4. چاكسازى له‌ بوارى دارایى و ئابورى.

5. كاراكردنى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م داهاته‌ نه‌وتى و نا نه‌وتییه‌كان بۆ وه‌زاره‌تى دارایى.

6. چاكسازى و شه‌فافیه‌تكردن له‌ بوارى ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و ئاشكراكردنى سه‌رجه‌مى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى كه‌ كراون و ده‌كرێن بۆ په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

7. یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رجه‌م هێزه‌كانى ئاسایش.

8. به‌رپاكردنى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنى دوو ئیداره‌یى.

9. دروستكردنى ده‌سته‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرس و كێشه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ڕووى پرسى سیاسى و دارایى و كێشه‌ى خاك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

10. ده‌ركردنى چه‌ند یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ چاكسازى له‌ وه‌رزى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانى داهاتوو له‌و سێكته‌رانه‌ى كه‌ پێویستن.

11. هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان و پێدانى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر به‌ پارێزگاكان.

12. گۆڕینى په‌یوه‌ندییه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى حیزبى بۆ ئاستى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم.

13. هه‌ڵگرتنى سیستمى پاشەكه‌وتی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێدانه‌وه‌ى قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران.

14. هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى په‌رله‌مان كه‌ سازانى له‌سه‌ر نییه‌ و بۆته‌ كێشه‌ له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

15. كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كانى دیوانى چاودێرى دارایى و ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ و ده‌سته‌ى مافى مڕۆڤ و پێدانى به‌ خه‌ڵكى بێلایه‌ن.

16. چاكسازى و گۆڕانكارى له‌ سیستمى دادوه‌رى و به‌هه‌موو به‌شه‌كانى و پاراستنى سه‌ربه‌خۆیى ئه‌و دامه‌زراوانه‌.

پ: چ. ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure