به‌خۆماڵیكردنى كه‌لتور له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ستى پێكرد

هەواڵ / که‌لتور :: 16/01/2019‌ :: 162‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌ر له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى كانونى دووه‌م، پرۆژه‌ى به‌خۆماڵیكردنى كه‌لتور، به‌ناونیشانى (به‌خۆماڵیكردنى كه‌لتور له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌) له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك مامۆستاى زانكۆ و چالاكانى مه‌ده‌نى له‌ هۆڵى مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستى پێكرد.


هۆشمه‌ند عه‌تا، مامۆستاى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ و یه‌كێك له‌ سه‌ر په‌رشتیارانى پرۆژه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ تیكه‌ڵكردنى ئه‌و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوره‌ى له‌ رابردوودا له‌م ناوچه‌یه‌ هه‌بووه‌ به‌ كار و پرۆژه‌كانى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه‌ ئه‌و كه‌لتوره‌ به‌ ته‌واوه‌تى له‌ناوده‌چێت. ده‌مانه‌وێت له‌مه‌ودوا به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانى شار هه‌ر پرۆژه‌ و كارێك ئه‌نجام بدرێت به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان كه‌لتور و سیماى رابردووى هه‌ڵه‌بجه‌ى تیادا ره‌نگبداته‌وه‌.
 
وتیشى: "پلانمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شوێنه‌ گشتییه‌كان ناوى كه‌سایه‌تییه‌ ناسراو و گرنگه‌كانیان لێبنرێت، وه‌ك شاعیران نووسه‌ران و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ جوانكاریى ناوشاریشدا گرنگى بدرێت به‌ په‌یكه‌رى كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانى ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر دیواره‌كانیش وێنه‌ى هونه‌رى و ده‌قى شیعریى شاعیران بنووسرێته‌وه‌، هاوكات له‌ڕووى بیناسازیشه‌وه‌ ده‌كرێت وێنه‌ى هه‌نار یان گوێز یاخود ئه‌و باڵندانه‌ى كه‌ له‌م ناوچه‌یدا هه‌ن، دروست بكرێن و شاره‌وانییش رۆڵى گرنگ ده‌بینێت له‌م بواره‌دا".
 
مامۆستا هۆشمه‌ند خۆشحاڵیى خۆیى له‌وه‌ ده‌ربڕى كه‌ به‌رپرسانى ئیداریى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موویان هاوڕان له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكى پرۆژه‌كه‌یاندا و ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ جێبه‌جێكردنه‌كه‌یه‌تى كه‌ پێیوایه‌ هیچ به‌ربه‌ستێكى ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌كه‌دا نییه‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure