پارتى سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 16/01/2019‌ :: 435‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: شاندى باڵاى دانووستانكارى پارتى سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ده‌كات، ده‌شڵێت: "بۆ به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، پارتى ڤیتۆى له‌سه‌ر هیچ حیزب و لایه‌نێك نییه‌".


بۆ تاوتوێكردنى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، له‌م هه‌فته‌یه‌دا شاندى باڵاى دانووستانكارى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبوونه‌وه‌و بڕیاره‌ لە داهاتوویەکی نزیکدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامیش كۆبێته‌وه‌.

محه‌مه‌د بامۆلكى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاره‌ پارتى سه‌ردانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بكات، به‌ڵام كاته‌كه‌ى دیارینه‌كراوه‌".

هاوكات محه‌مه‌د هاودیانى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان بڕیاریداوه‌ له‌م خوله‌دا وه‌كو لایه‌نێكى ئۆپۆزسیۆن كاربكات، بۆیه‌ سه‌ردانى پارتى بۆ لاى یه‌كگرتوو هیچ له‌ بڕیاره‌كه‌ ناگۆڕێت.

وتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندیمان وه‌كو حیزب له‌گه‌ڵ پارتى و سه‌رجه‌م حیزبه‌كانى دیكه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدارى كابینه‌ى نوێ ناكه‌ین".

له‌باره‌ى ئامانجى سه‌ردانى پارتى بۆ لاى هه‌ردوو حیزبه‌كه‌، نورى حه‌مه‌عه‌لى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌دواڕۆژى وت: "بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت، شاندى باڵاى پارتى سه‌ردانى هه‌ردوو حیزبى ئیسلامى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ده‌كات".

وتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ یه‌كگرتوو بڕیارى خۆیداوه‌، به‌ڵام پارتى ده‌یه‌وێت بیروبۆچوونى ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر كارنامه‌ و به‌رنامه‌ى حكومه‌ت وه‌ربگرێت چونكه‌ پارتى ڤیتۆى له‌سه‌ر هیچ حیزب و لایه‌نێك نییه‌، سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستانیش ئه‌وا كۆمه‌ڵ ده‌یه‌وێت دواى سه‌ردانى پارتى بڕیار له‌باره‌ى به‌شداریكردن یاخود به‌شدارینه‌كردن بدات، بۆیه‌ پارتى سه‌ردانى ده‌كات".

له‌كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌چه‌ند پۆستێكى وەزارى به‌شداریانكرد، به‌ڵام به‌ر له‌ ته‌واوبوونى واده‌كه‌ له‌ حكومه‌ت كشانه‌وه‌. ئێستا كۆمه‌ڵ حه‌وت كورسى و یه‌كگرتووش پێنج كورسیان له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure