پێنتاگۆن: چین لە تەكنیك و بوارە سەربازییەكاندا پێشیداوینەتەوە

هەواڵ / جیهان :: 16/01/2019‌ :: 89‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
راپۆرتێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت: "چین خەریكە دەگاتە قۆناغی كۆتایی لە دروستكردنی سیستمی هەرە پێشكەوتووی چەك لە جیهاندا و لەهەندێك بواریشدا بە كردەوە پێش ركابەرەكانی داوەتەوە".


راپۆرتە ئاشكراكەی ئاژانسی هەواڵگری بەرگریی ئەمریكا، كە دوێنێ سێشەممە 15ی كانونى دووه‌مى 2019 بڵاوكرایەوە دەڵێت: "پەكین لەم ساڵانەی دوایدا قەڵەمبازی سەربازیی گەورەی داوە و بەشێك لە هۆكارەكەی ئەم سەركەوتنە بۆ ئەو یاسایەنەی چین دەگەڕێتەوە كە كردوویەتی بە مەرج بەسەر هاوپیشەكانیدا نهێنی تەكنەلۆژیاكانیان ئاشكرابكەن ئەگینا رێگایان پێنادرێت بچنە ناو بازاڕە زەبەلاحەكەی چین-ەوە".

راپۆرتەكە دەڵێت: "چین ئێستا لە زۆر بواردا لە پێشی پێشەوەیە، لەوانە دروستكردنی كەشتیی سەربازی و مووشەكی مەودا مامناوەند و چەكی خێراتر لە دەنگ و هەروەها ئەو مووشەكانەیش كە 5 هێندەی خێرایی دەنگ خێراترن و دەتوانن خۆیان بپارێزن لە سیستمە بەرگرییە مووشەكییەكان".

راپۆرتەكەی پێنتاگۆن ئاماژە بەوەیشدەكات كە پەكین لە بواری تەكنەلۆژیشدا لە پێشی پێشەوەیە و ئەم خۆئامادەكارییەی چین زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕە لەگەڵ تایوان-دا كە حكومەتی پەكین بە بەشێك لە خاكی چینی دەزانێت. 

كاربەدەستێكی سەربازیی ئەمریكایش دەڵێت: "چین ماوەی 4 ساڵە بەشداریی هیچ شەڕێكی نەكردووە بۆیە پەیكەری فەرماندەییەكەی و ئەركانە هاوبەشەكانی ئەزموون و شارەزایی راستەقینەیان نییە لە ناكۆكییە راستەقینەكانی جیهاندا".

كاربەدەستە ئەمریكیەكە هەروەها دەڵێت: "چین بە نهێنی پەرە بە توانا سەربازییەكانی دەدات لەڕێی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان لەژێرزەمین و دوور لە چاوی كامێراكانی مانگە دەستكردەكان". 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure