لەبارەی بەفربارینەوە هۆشداری ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2019‌ :: 6254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
هاتوچۆی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی بارینی به‌فرێكی زۆر، پێویسته‌ له‌كاتی چوونتان بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان زنجیر له‌ تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان ببه‌ستن. 

فازڵ حاجی، وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئاگاداری شۆفێران ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تی زۆر پێویست نه‌بێ، سه‌ردانی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان نه‌كه‌ن، چونكه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا مه‌ترسیدار ده‌بێت و داوایان لێده‌كه‌ین كه‌ پابه‌ندی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بن.

- له‌كاتی چوونه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان زنجیریان پێبێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیانی بده‌ن له‌كاتی به‌فرباریندا.

- به‌خێراییه‌كی كه‌م لێخوڕین ئه‌نجامبده‌ن، چونكه‌ ئاست و مه‌ودای بینین زۆر كه‌مده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یارمه‌تییان ده‌دات به‌ ئاسانتر كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێله‌كانیان بكه‌ن و تووشی رووداوی نه‌خوازراو نه‌بن. 

- له‌ناوه‌ندی رێگەكان لانه‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت بۆ وێنه‌گرتنیش، چونكه‌ له‌م حاڵه‌تانه‌دا ناوه‌ندی رێگەكان سه‌لامه‌تترین شوێنه‌.

- گڵۆپی ته‌م دابگیرسێنن به‌ به‌رده‌وام له‌كاتی رۆژیش، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بینراو بن.

- دایكان و باوكان له‌م چه‌ند رۆژه‌دا پێویسته‌ رێگە به‌ كوڕه‌ هه‌رزه‌كاره‌كانیان نه‌ده‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیان برۆن بۆ ناو به‌فر، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی توانای ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی كه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوو كه‌وته‌وه‌ له‌سه‌ر چیای سه‌فین دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ تیایدا چه‌ندین كه‌س ژیانیان كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

- ئاگاداربن له‌كاتی چونیان بۆ شه‌قڵاوه‌، چونكه‌ رێگەی چون بۆ شه‌قڵاوه‌ له‌كاتی ئێستادا به‌شێكی له‌ژێر چاككردنه‌وه‌دایه‌، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ری ته‌سكبونه‌وه‌ی رێگەكه‌ هه‌یه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە