دەست بەسەر زیاتر لە سێ تەن خورمای کرماویدا دەگیرێت

هەواڵ / ئابوری :: 16/01/2019‌ :: 210‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌هۆی به‌سه‌رچونی ماوه‌كه‌یه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر خورمادا ده‌گرن كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازبووه‌ له‌بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی ساخیبكاته‌وه‌.


به‌پێى راگه‌یه‌نراوێكى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى سلێمانى كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى كانوونى دووه‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: له‌لایه‌ن لیژنه‌ی سێ-ی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ته‌وه‌‌ له‌عه‌لوه‌ی شاری سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ر زیاتر له‌ سێ تەن خورمای كرماوی و ماوه‌ به‌سه‌رچودا گیراوه‌، كه‌ ‌خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ ده‌ستكاریكردنی لێبڵه‌كانی نیازی فرۆشتنی بووه‌‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ "خورما ده‌ست به‌سه‌رداگیراوه‌كه‌ سێ تەن و 300 كیلۆگرامه‌‌ و له‌جۆره‌كانی (دجله‌ و الامیر)ه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازی ساخكردنه‌وه‌ی بووه‌ له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی،‌ ده‌ستكاری لیبڵه‌كانی كردوه‌ و ماوه‌ی به‌سه‌رچونه‌كه‌ی به‌ دانانی له‌زگه‌یه‌كی تر درێژكردووەته‌وه‌".

راگه‌یه‌تراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌: به‌فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ ته‌واوی خورماكه‌ له‌ناوبراوه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی رووبه‌رووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

به‌پێی رێنمایه‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق، پێویسته‌ كاڵاوشمه‌كه‌كان لیبڵی به‌سه‌ره‌وه‌ بێت و ته‌واوی زانیارییه‌كانی تێدا خرابێته‌ڕوو، ده‌ستكاریكردنی لێبڵ یاخود شاردنه‌وه‌ و شێواندنی زانیاری، به‌فێڵێ بازرگانی هه‌ژمار ده‌كرێت و یاسا سزای بۆ ئه‌وجۆره‌ كه‌سانه‌ داناوه‌.
ئا: س.م
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure