وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و سه‌ركونسوڵى ئێران چى له‌باره‌ى سلێمانییه‌وه‌ ده‌ڵێن؟

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2019‌ :: 1599‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
سه‌ركونسوڵى ئێران، سلێمانى به‌ شارێكى تایبه‌ت وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت: "پێموانییه‌ هیچ شارێك له‌دونیادا هه‌بێت كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی دوو ملیۆن‌ و نیو بێت‌ و سێ هه‌زار خێزانی هاوبه‌شی ئێرانی كوردی‌ و ئێرانی بیانی تێدابێت، واتا له‌ڕووی په‌یوه‌ندی مرۆڤایه‌تی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ له‌دونیادا به‌لای ئێمه‌وه‌ بێوێنه‌یه‌".


له‌میانى پێشكه‌شكردنى وتارێكى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابورى ئێران–هه‌رێمى كوردستان، ئاغای مه‌سعودیان سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ شاری سلێمانی، وتى: "سلێمانی به‌لای ئێمه‌وه‌ شارێكی تایبه‌ته‌، تایبه‌ت له‌ڕووی سیاسیی‌ و ئابوری‌ و رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌".

وتیشى: "شاری سلێمانی له‌به‌رئه‌وه‌ تایبه‌ته‌ كه‌ نزیكه‌ی دوو ملیۆن‌ و نیو دانیشتوانی هه‌یه‌‌ و ساڵانه‌ نزیكه‌ی دوو ملیار و نیو دۆلار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، له‌دونیادا هیچ شارێك نییه‌ هێنده‌ی شاری سلێمانی له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌دا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت‌ و كاڵای ئێرانی به‌كاربهێنێت".

هه‌ر له‌ كۆڕه‌به‌نده‌كه‌دا، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌دواى سه‌ركونسوڵ، باسى له‌وه‌كرد: دوای به‌شداریكردنم له‌مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی مام جه‌لال ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجارمه‌ دێمه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی، ئێمه‌ چه‌ندین ساڵ‌ و چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ له‌ته‌نیشت یه‌كترین، به‌ڵام له‌ماوه‌ی 40 ساڵی رابردوودا خوێنی گه‌نجانی ئێمه‌‌ و گه‌نجانی ئێوه‌ له‌به‌رامبه‌ر دەسەڵاتی دیكتاتۆری پێكه‌وه‌ رژاون، ژنان‌ و مناڵان‌ و پیرانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ژنان‌ و مناڵان‌ و پیرانی ئێوه‌ قوربانی چه‌كی كیمیایی رژێمی به‌عس بوون.

وتیشى: "شانبه‌شانی یه‌ك دژی داعش شه‌ڕمان كرد، پێكه‌وه‌ بازرگانیمان كرد، پێكه‌وه‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئێران‌ و هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵماندا".

زه‌ریف، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌نێوان ئێمه‌دایه‌ به‌خوێنی شه‌هیدانمان ئاو دراوه‌، بۆیه‌ هیچ كه‌سێك، هیچ هێزێك، هیچ رووداوێك ناتوانێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ تێكبدات، به‌لای ئێمه‌وه‌ كوردستانێكی ئاوه‌دان، خواستێك نییه‌، به‌ڵكو زه‌روره‌تێكه‌.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure