جه‌واد زه‌ریف له‌ سلێمانى: چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین قه‌باره‌ى بازرگانى بۆ 20 ملیار دۆلار به‌رزبكه‌ینه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 15/01/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران

دواڕۆژ
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ سلێمانى ئاشكرایكرد چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كه‌ قه‌باره‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ عێراق بۆ 20 ملیار دۆلارى ساڵانه‌ به‌رزبكه‌ینه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانیشمان له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌ره‌پێبده‌ین.


محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ چوارچێوه‌ى كۆڕبه‌ندى ئابوورى ئێرانى -عێراق (هه‌رێمى كوردستان) كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ى کانوونی دووەم له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند: به‌ستنى ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گرنه‌ى كه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو دراوسێیه‌دایه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ین، به‌ڵام له‌ 40 ساڵى رابردوودا خوێنى لاوه‌كانى ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌ك ئامانج رژاوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كان زه‌ریف وتى: مه‌به‌ستى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ڕووى ئابوریه‌وه‌ به‌هێزبێت و هه‌بوونى ئه‌م بازرگانانه‌ له‌ ئێستادا نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى بازرگانى به‌هێز له‌نێوانماندا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ك وتیشى: "ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانى حكومه‌ت كردمان له‌باره‌ى پرۆژه‌كانى بیناسازى و گومرگ و هاتوچۆى بازرگانان زه‌مینه‌یه‌كى باش بوو له‌باره‌ى باشتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كانمان".

سه‌باره‌ت به‌ قه‌باره‌ى بازرگانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: "هه‌وڵده‌ده‌ین قه‌باره‌ى بازرگانى نێوانمان بگه‌یه‌نینه‌ 19 بۆ 20 مليار دۆلار".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "بۆ ئێمه‌ عێراق و كوردستان گرنگییه‌كى ته‌واوى ئاسایشى هه‌یه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌ك ناوچه‌دا به‌یه‌كه‌وه‌ین، ناوچه‌یه‌ك كه‌ ئێمه‌ تێیدا یان به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو سه‌رفرازین یان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ شه‌ڕداین". 

جه‌ختیكردوه‌ كه‌ "ناوچه‌كه‌ى ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ ناتوانین خۆمان دابڕێنین وه‌ك ئه‌ڵێن خۆت به‌ته‌نیا له‌ دورگه‌یه‌كدا بین له‌ناو زه‌ریایه‌كى تۆفاناویدا و ئارام بیت، به‌ڵكو ئه‌مه‌ واتاى ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین كه‌ له‌ دورگه‌یه‌كدا به‌ ته‌نیا به‌ ئارامى ژیان بكه‌ین و دراوسێكانمان له‌ سه‌ختیدا بن".

ئا: ئاهه‌نگ حسێن و سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure