وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌سه‌ر ده‌نگۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ رونكرده‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2019‌ :: 865‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وتەبێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت: هیچ حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.


خالس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌م به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن هه‌واڵێكی ناڕاستییان بڵاوكردووەته‌وه‌ گوایه‌ ڤایرۆسی ئه‌نفلونزای باڵنده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و گوایه‌ شه‌ش كه‌سیش به‌م ڤایرۆسه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

وتیشی: "ئەو هەواڵە ناڕاستە و هیچ حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێم تۆمارنەکراوە و ئەو ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ی هه‌واڵی له‌وجۆره‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ زیادکردنی خوێنەره‌ بەبێ ئەوەی پشت بە سەرچاوەی دروست ببەستێت و ئه‌مه‌ دووره‌ لە بنه‌ماكانی كاری رۆژنامه‌وانی". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ر جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك له‌ هه‌رێم بوونی هه‌بێت دوای لێكۆڵینه‌وه‌ بڵاویده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك نه‌خۆشی ئه‌نفلونزای باڵنده‌ لە هه‌رێم تۆمارنەکراوە.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان شه‌ش كه‌س له‌ پارێزگای سلێمانی به‌ ڤایرۆسی ئه‌نفلونزای باڵنده‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌ هه‌ولێر و دهۆكیش ئه‌م حاڵه‌تانه‌هه‌یه‌ به‌ڵام نادرێته‌ راگه‌یاندنه‌كان.

پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure