قوباد تاڵه‌بانى: كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كۆمپانیا ناوخۆیی و ئێرانیه‌كان شایسته‌ داراییه‌كانیان وه‌ربگرن

هەواڵ / ئابوری :: 15/01/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە
قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

دواڕۆژ
جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێستا كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كۆمپانیا ناوخۆیی و ئێرانیه‌كانى شایسته‌ داراییه‌كانیان وه‌رگربن، تا ده‌ستبه‌كاربنه‌وه‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ى ویستويانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى بده‌ن.

قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى وتارێكدا كه‌ له‌ كۆڕبه‌ندى ئابوورى كۆمارى ئیسلامى ئێران و هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئه‌مرۆ  سێشه‌ممه‌ 15ى كانوونى دووه‌م به‌ڕێوه‌چوو پێشكه‌شيكرد رایگه‌یاند: له‌ئێستادا ده‌مانه‌وێت دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئارامى به‌رین، كۆڕبه‌ندێك به‌شدارده‌بین بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانیه‌كانى نێوان هه‌ردوولا.

تاڵه‌بانى وتى: "خۆشحاڵین كه‌ جه‌نابى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى زۆر مه‌زن و به‌تواناى له‌گه‌ڵ خۆى هێناوه‌، كه‌ ده‌توانین گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل بكه‌ین له‌سه‌ر چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانمان".

جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت وتیشى: سوپاسى كۆمپانیا ئێرانى و ناوخۆییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ چوارساڵى رابردوودا به‌ ئارام بوو له‌گه‌ڵماندا، كاتى ئه‌وه‌هاتووه‌ شایسته‌ داراییه‌كانیان وه‌ربگرن.

به‌ به‌شدارى بازرگانانى هه‌رێم و ئێران و به‌ چاودێرى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانى هه‌رێم و ئێران ئه‌مڕۆ کۆڕبەندی بازرگانی هاوبەشی ئێران و هەرێم لە ھۆڵی گراند میلینیۆم له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.

ئا: س. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure