پێدانی مۆڵه‌ت و گەشتی دەرەوەی په‌رله‌مانتاران راگیرا

هەواڵ / عێراق :: 15/01/2019‌ :: 390‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌موو مۆڵه‌ت و شاندكردنێكى په‌رله‌مانتاران راگیراوه‌، تا ئه‌وكاته‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ ته‌واوده‌كرێت و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت.


به‌پێى راگه‌یەنراوێكى فه‌رمانگه‌ى په‌رله‌مانیى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی کانونی دووەمی 2019 بڵاوكراوه‌ته‌وە، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌موو مۆڵه‌ت و شاندكردنێکى په‌رله‌مانتارانى راگرتووه‌، تا ئه‌وكاته‌ى یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى دارایى 2019 ده‌رده‌كرێت.

له‌ راگه‌یەنراوه‌كه‌ى فه‌رمانگه‌کەدا هاتووه‌: نووسراوه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كه‌ ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانتاران كراوه‌، سه‌ره‌ڕاى راگرتنى مۆڵه‌ت و شاندكردنه‌كان، كارى هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانى لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان و لیژنه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ش راگیراون، تا ئه‌وكاته‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى فیدراڵى كۆمارى عێراق بۆ ساڵى دارایى 2019 ته‌واوده‌بێت و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت.

نزیكه‌ى دوو مانگه‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق بۆ په‌رله‌مان نێردراوه‌ و له‌ئێستاشدا پڕۆژه‌كه‌ له‌به‌رده‌م لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندایه‌ به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنى بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م و په‌سه‌ندكردنى.

به‌پێى مادده‌ى 10ى پڕۆژه‌كه‌ عێراق 454 ملیارى دینارى فه‌رمانبه‌ران و 67 ملیار دینارى پێشمه‌رگه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت.

پ: چ. ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure