نازم حیكمه‌ت كۆمۆنیستێكى رۆمانتیك

هەواڵ / که‌لتور :: 15/01/2019‌ :: 195‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ
نازم حیكمه‌ت، نووسه‌ر و شاعیر و شانۆ و رۆماننووسى توركیا، له‌رۆژى 15ى كانونى دووه‌مى ساڵى 1902 له‌دایكبووه‌. 


لە تەمەنی١٤ ساڵییەوە دەستیکردووە بە شیعرنووسین و لە١٩ساڵیدا چووە بۆ سۆڤیەت و لەوێ لەگەڵ نەوەی نوێی رووناكبیر و هونەرمەندانی شۆڕشگێڕدا ئاشنا دەبێت، ئەمەیش دەبێتەهۆی گۆڕینی دیدگای ئەو بۆ شیعر. 

نازم حیكمه‌ت كوڕى خێزانێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستڕۆیشتوو بوو، به‌ڵام دژى ده‌ره‌به‌گایه‌تى و ده‌سه‌ڵاتى سوڵتانه‌كانى عوسمانى وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و چووه‌ته‌ ریزى بزووتنه‌وه‌كه‌ى ئه‌تاتورك-ه‌وه‌، دواتر دژى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌وانیش وه‌ستایه‌وه‌. ئه‌م نووسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ كه‌ كۆمۆنیستێكى رۆمانتیك و له‌ژێر كاریگه‌ریى بیرى چه‌پ و بڕواى سۆسیالیزمدا بووه‌ و به‌رده‌وام نه‌یارى ده‌سه‌ڵاتى توركه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه‌ى بوو، نزیکه‌ى سی ساڵ تەمەنی لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەسەربردووە و زۆربەی شیعرەکانیشی هەر لەوێ نووسیون.

یه‌كه‌م شیعرى به‌ناونیشانى (هاوارى نیشمان) نووسیوه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى لاى ده‌سه‌ڵاتداران ئاشكرا نه‌بێت به‌ چه‌ندین ناوى جیاجیا به‌رهه‌مه‌كانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك: ئه‌حمه‌د ئۆغوز، مومتاز عوسمان، ئه‌رجومه‌نت ئار. ته‌نانه‌ت كتێبى (سه‌گه‌ل ده‌لوورێنێ و كاروان به‌ڕێوه‌یه‌) به‌ناوى خوازراوى ئۆرخان سه‌لیم بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئەوکات هیچ رۆژنامەیەکی تورکی نەیدەوێرا ناوی نازم حیکمەت بهێنێت بۆیه‌ شیعرەکانی لە بەندیخانە دەچوونە دەرەوە و لە فڕەنسا چاپ و بڵاودەبوونەوە. لە پاریس کۆمیتەیه‌كى تایبه‌ت بۆ داوای ئازادیی نازم پێکهات، کە کەسانێکی وەک راسڵ و سارتەر و پیکاسۆ و برێخت و ئەراگۆن و نێرودا-ى لە پشتەوە بوو.

نازم حیكمه‌ت، به‌ داهێنه‌رى شیعرى ئازاد له‌ توركیا و یه‌كێك له‌ ناوه‌ دیاره‌كانى شیعرى هاوچه‌رخى توركیا داده‌نرێت. به‌رهه‌مه‌كانى بۆ زیاتر له‌ 50 زمانى جیهان (زمانى كوردییش) وه‌رگێڕدراون و له‌ ریزى ئه‌و شاعیرانه‌ى سه‌ده‌ى بیست-دایه‌ كه‌ زۆرترین جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌.

سه‌رنجام دوور له‌وڵاته‌كه‌ى و له‌ رۆژى 3ى حوزه‌یرانى 1963 له‌ روسیا كۆچى دوایى كردووه‌ و له‌ مۆسكۆ نێژراوه‌.
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure