ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دواخست

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2019‌ :: 130‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕۆژانی سێشەممان کۆبونەوەی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجامدەدرێت، بەڵام بۆ ئەم سێشەممەیە کۆبوونەوەکە بەڕێوەناچێت.

حاجی ڕێبوار، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "بەپێی یاسای ساڵی ٢٠٠٩ و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ کە ئەجێندای کۆبوونەوە دانرا، دەبێت بکرێت و کۆبوونەوەش لەرۆژانی سێشەمماندایە".

وتیشی: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە کەدیاریکرابوو لە دوو بڕگە خۆی دەبینێتەوە، بڕگەی یەکەم دەنگدانە بە ئەندامان و سەرۆکی لیژنەکان لەجێی ئەو ئەندام ئەنجومەنانەی بونەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و کوردستان کە ئەم بڕگەیە ھیچ گرفتێکی نییە".

وتیشی: "بڕگەی دووەم دەنگدان لەسەر ناحیەی بنگرد و خدرانە کە پێشنیار کراوە بخرێتەوە سەر قەزای دووکان لەکاتێکدا ئەو دوو ناحیەیە لەساڵی ٢٠١٥ وە خراوەتە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین کە ئەنجومەن دەنگی بۆداوە، بۆ ئەم بڕگەیەش دەبوو بە دەنگدان لە کۆبوونەوەدا لابرێت".

ئاماژەی بەوەشدا سەرۆکی ئەنجومەن و جێگرەکانی دەتوانن یەکێک لە بڕگەکانی لابەرن بەدەنگدان بەپێی پەیڕەو، بەڵام ناکرێ کوبوونەوەی ئەنجومەن بێ ھۆکار دوا بخرێت.

دواڕۆژ بۆ زانیاری لەسەر دواخستنی کۆبونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندیکرد با ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و شێخ بەرزان جێگری سەرۆک، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure