له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و توركیا روونكردنەوەده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2019‌ :: 705‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ‌و گه‌یاندنی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: تائێستا هیچ بڕیارێكی ره‌سمی له‌ هێڵی ئاسمانی توركیاوه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ‌و فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نه‌كراوه‌، ده‌شڵێت: "له‌لایه‌ن كۆمپانیای توركیش ئێرلاینەوە رۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئەو گه‌شتانە دیاریكراوه"‌. 


ئومێد سه‌باح، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی كانونی دووه‌می 2019 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌ند رۆژێكه‌ شاندێكی توركیش ئێرلاین له‌ شاری سلێمانییه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ پێویستی به‌وجۆره‌ كاره‌ هونه‌رییانه‌ نییه،‌ چونكه‌ به‌رده‌وام گه‌شتی ئاسمانی لێ ئه‌نجامده‌درێت. 

وتیشی: "تاوه‌كو ئێستا به‌ ره‌سمی هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن هێڵی ئاسمانی توركیاوه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نه‌كراوه‌ كه‌ كاتێك دیاری بكات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و توركیا".

ئەوەشی وت: "ئه‌وه‌ی كه‌ باسده‌كرێت ته‌نها توركیش ئێرلاین تاكلایه‌نانه‌ بڕیاره‌كه‌ی داوه‌ و له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بڵاوی كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌مه‌ی توركیش ئێرلاین حه‌قیقه‌تی هه‌بێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: گه‌ر گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ توركیا بكرێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ هێڵی ئاسمانی عێراقی نوسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ‌و فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنەوەی گه‌شته‌كان. 

له‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 25ی ئه‌یلولی 2017، توركیا گه‌شته‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم راگرت، دواتر گه‌شتی ئاسمانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و توركیا ئاسایی كرایه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و توركیا نه‌كراوه‌ته‌وه‌. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە