پارتی و یه‌كێتیی رێككه‌وتنێكی دووقۆڵی واژۆده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2019‌ :: 506‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی بڕیاردرا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی شه‌ش كه‌سی به‌مه‌به‌ستی نووسینەوە‌ی رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوولا، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژیش كه‌وتوون: رێككه‌وتنه‌كه‌ گشتگیر ده‌بێت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 14ی كانوونی دووه‌م، هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا به‌ دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی شه‌ش كه‌سیی به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوولادا.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌ هه‌ریه‌ك له‌ (هۆشیار زێباری و ڕۆژ نوری شاوه‌یس و مه‌حمود محەمەد) له‌ پارتی  (حاكم قادر و ره‌فعه‌ت عەبدوڵا‌ و عومه‌ر فه‌تاح)  له‌ یه‌كێتیی، ئه‌ندامی لیژنه‌ دووقۆڵییه‌كه‌ ده‌بن بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوولادا.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژی داهاتوودا به‌ هاوكاری چه‌ند ڕاوێژكارێكی یاسایی ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌ك له‌سه‌ر چەند ئاستێك، له‌وانه: پرسی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا، پرسی داهاتی هه‌رێم و  چاكسازی له‌ بواری نه‌وت و دارایی و ئابووری، پرسی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، پرسی كه‌ركوك، پرسی په‌یوه‌ندییه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پرسی چاكسازی له‌ بواری پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: پرسی كه‌ركوك به‌شێك ده‌بێت له‌ ناوه‌ڕۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه،‌ به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت دروستده‌كرێت، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئاساییكردنەوەی دۆخی كه‌ركوك دواتر دانانی كه‌سێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌قفێكی زه‌مه‌تی دیاریده‌كرێت.

وتیشی: "ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م دوابخرێت، به‌هۆی بوونی پرسەی محەمەد مەلا قادر ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی  كه‌ ده‌كاته‌ خه‌زووری مەحمود محەمه‌د وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure