كوشتارگه‌كه‌ى كه‌لار به‌رهه‌مى "ناته‌ندروست" و پاشماوه‌ى زیانبه‌خش

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/01/2019‌ :: 298‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن
پاشماوه‌كانى كوشتارگه‌ى كه‌لار زیان به‌ ئاوی رووباری سیروان ده‌گه‌یه‌نێت و چالاكانى ژینگه‌ش هۆشدارى له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن، پزیشكى پسپۆڕى سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌شى ده‌ڵێت: "کوشتارگەکە ئەوەندە خراپە ناتوانرێت هاوڵاتیان دڵنیابکاته‌وه‌ كه‌ گۆشتێکی تەندروست دەگاتە دەستیان".


كوشتارگه‌كه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك رووباری سیروان، به‌هۆی فڕێدانی پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربڕاوه‌كان و به‌كارهێنانی سه‌ربرینخانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست، بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی چالاكوانانی ژینگه.

ئیبراهیم زه‌ریف، سه‌رۆكی رێكخراوی ژینگه‌پارێزی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌به‌ر نه‌بوونی چاودێری به‌رده‌وام پاكسازیی و لایه‌نی ژینگه‌یی سه‌ربڕیخانه‌ی كه‌لار له‌ ئاستێكی زۆر خراپدایه‌ ئه‌گه‌ر هیمه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی و هه‌میشه‌یی نه‌كرێت، ئه‌وا ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ داخستنی باشتره‌.

وتیشی: "فڕێدانی پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵ و تێكه‌ڵاوبوونی به‌ رووباری سیروان زۆر مه‌ترسیداره‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی جۆر و شێوازی به‌كارهێنانی سه‌ربڕینخانه‌كه ‌و پیسیی ژینگه‌كه‌ی زۆر ناله‌باره‌ و ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان خۆیان سه‌ردانی ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ بكه‌ن، بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت چ كاره‌ساتێكی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی له‌وێ ده‌گوزه‌رێت".

نه‌ك ته‌نها پاشماوه‌كه‌ى، به‌ڵكو به‌رهه‌مى ئه‌و گۆشته‌ش كه‌ ره‌وانه‌ى بازاڕ ده‌كرێت جێى گومان و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاوڵاتیان، به‌ڵام تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ له‌كاتێكدا كوشتارگه‌كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی دوو ته‌ن گۆشتی ئاژه‌ڵ بۆ شاری كه‌لار و  چێشتخانه‌كانی سنووره‌كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات.

دكتۆر دلێر محه‌مه‌د، پزیشكى ڤێتێرنه‌رى و سه‌رپه‌رشتیاری سه‌ربڕینخانه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: کوشتارگه‌ی کەلار هەرچەندە بیناکەی کۆن نییە و تەنها چەند ساڵێکە دروستکراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەژێر چاودێری پزیشکی ڤێتێرنه‌ریدا دروست نەکراوە و لەژێر چاودێری ڤێتەرنەری گەرمیان و کەلاردا نادرێت بە کرێ ئێستا کوشتارگه‌کە تەواو ناله‌بار بووه‌.

وتیشی: "کوشتارگەکە ئەوەندە خراپە ناتوانرێت هاوڵاتیان دڵنیابکاته‌وه‌ كه‌ گۆشتێکی تەندروست ئەگاتە دەستیان، هه‌ر بۆیه‌ پێشتر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى له‌ ڤێته‌رنه‌رى و قایمقامیه‌ت و شاره‌وانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و 13 داواکارى پێشکەشکردون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی لایەنی پەیوەندیدارەوە هەوڵبدەن بۆ جێبەجێکردنی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن گۆشتێکی تەندروست و گونجاو بدرێت به‌ هاووڵاتیان و چێشتخانه‌كان".

گرفته‌ جۆربه‌جۆره‌كانى كوشتارگه‌كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هێناوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت و بڕیاریشه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك له‌و روه‌وه‌ بگرنه‌به‌ر.

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامی كه‌لار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌ربڕینخانه‌كه‌یان به‌سه‌ركردووه‌تەو‌ه‌ بڕیاریانداوه‌ به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و كوموكورتییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی له‌باری بۆ دروستبكرێت.

وتیشی: "بڕیاریانداوه‌ به‌ دروستكردنی ژوورێكی نوێ تایبه‌ت به‌ ڕه‌شه‌وڵاخ و دروستكردنی په‌رژین بۆ راگرتنی ئاژه‌ڵی بچووك و دانانی حاوییه‌ بۆ پاشه‌ڕۆی ئاژه‌ڵه‌كان له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌وه‌ی كاری پاككردنه‌وه‌ی كوشتارگه‌كه‌ و گۆڕینی شێوازی بردنه‌ ژووره‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و ده‌رهێنانه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست ئه‌نجامبدرێت".

پێداچوونەوە: ئارام غه‌فور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە