لەبودجەی ئەمساڵی عێراق 5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەیەكی هەڵەبجە تەرخانكراوە

هەواڵ / ئابوری :: 15/01/2019‌ :: 318‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
ئەندامیكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، بەبڕی نزیكەی پێنج ملیار دینار لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 هۆڵێك بۆ زانكۆی هەڵەبجە دروستدەكرێت و پڕۆژەكەش زۆر هەنگاوی بڕیوە.

 
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بە مەبەستی جەختكردنەوە لە دانانی بەشە بودجەیەك بۆ هەڵەبجە لە پڕۆژە بودجەی گشتی عێراقدا، شەوی ڕابردوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان لەگەڵ (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان و بەئامادەبوونی فوئاد حسێن وەزیری دارایی و هەریەك لەد. ماهیر جۆهان بریكاری وەزارەتی پلاندانان و تەیف سامی بەڕێوەبەری دانانی بوجەی عێراق، ئەنجامدا.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەكەماندا داوامان لە وەزیری دارایی عێراق و سەرۆكی پەرلەمان كرد هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە بڕگەیەك بەشە بودجەیەك بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانبكرێت، هاوكات باسمان لەمادەی (51) بڕگەی (‌أ) لەبوجەی ساڵی 2018 کرد سەبارەت بەدروستكردنی هۆڵێك بۆ زانكۆی هەڵەبجە، بەڵام دڵنیاكراینەوە كە پێویست ناكات ئەو بڕگەیە جێگیر بكرێت، بەڵكو بە دڵنیاییەوە پرۆژەی دروستكردنی هۆڵێكی شایستە بۆ زانكۆی هەڵەبجە جێبەجێدەكرێت.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ئەو پارەیەی كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە تەرخانكراوە، نزیكەی پێنج ملیار دینارە و وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراقیش دڵنیایی پێداین كە ئەمساڵ ئەو پڕۆژەیە بە كۆتادێت لە پارێزگای هەڵەبجە.
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئاگادار كراینەوە كە ئەمساڵ هۆڵێكی شایستە بۆ زانكۆی هەڵەبجە دروستدەكرێت، ئێمەش لای خۆمانەوە زەوی پێویستمان بۆ دابینكردووە و زۆرێك لە ئامادەكارییەكانمان جێبەجێكردووە، چونكە بڕیار بوو ئەو پڕۆژەیە لە  بودجەی گشتی عێراق لەساڵی ڕابردوو ئەنجام بدرێت.
  
پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure