سبەینێ پارتی سەردانی گۆڕان دەكات

هەواڵ / کوردستانی :: 14/01/2019‌ :: 276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بڕیارە سبەینێ سێشەممە، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی بكەن و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە.


بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ كە لە سەرچاوەیەكی گۆڕان دەستیكەوتوون، سبەینێ شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی دەكەن و لەگەڵ شاندی گۆڕان كۆدەبنەوە و تەوەری سەرەكیش تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەبێت.

سەبارەت بەوەی پێشبینی دەكەن لە كۆبوونەوەی سبەینێ، گۆڕان و پارتی بگەنە ئەنجام، نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوە دانوستانە و ئەنجامی كۆبوونەوەكانی رابردووە و ئەگەر كۆبوونەكانیش زۆر درێژە بكێشێت رەنگە بە كۆبوونەوەیەك یان دوو كۆبوونەوەی دیكە كۆتایی بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لە شاری هەولێر كۆبوونەوە و دواتر سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی و مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ماوەیەك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دیاریكراوە بێ ئەوەی ئەو ماوەیە ئاشكرابكەن.

سەبارەت بەئەنجامی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی، نەسرەدین مەحمود وتی: "لەو كۆبوونەوەیە لیژنەیەكیان پێكهێناوە و پڕۆژەیان هەبووە، بەڵام پڕۆژەكانیان پێشكەش بەیەكدی نەكردووە و باسیان نەكردووە، تەنیا باسی كێشەكانی رابردوویان كردووە، بۆ درێژەدان بەكۆبوونەوەكانیش لیژنەیەكی دیكەیان داناوە بۆ ئەوەی ئەو لیژنەیە بەردەوام بێت لەسەر چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە لە ڕابردوودا هەبووە و بۆ دانوستانیش لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure