عارف روشدی: پۆست مه‌سه‌له‌یه‌كی قورس نییه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و یه‌كێتی

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2019‌ :: 501‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: هەموو هەوڵێك دەدرێت تا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم زۆر نەخایەنێت و دەڵێت: "لەگەڵ یەكێتی دەتوانین رێكبكەوین و پۆست مەسەلەیەكی قورس نابێت".


عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی: "هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ماوەیەكی زۆر نەخایەنێت و لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و كابینەی نوێ دەستبەكاربێت".

سەبارەت بەوەی ماوەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ چەندی پێدەچێت، ناوبراو وتی: "ئومێد دەكەین زۆر نەخایەنێت، چونكە هەوڵی جددی هەیەو قەناعەت پەیدا بووە كە دەبێت كابینەی نوێ دوانەكەوێت و بگەنە ئەنجام".

دەربارەی ئەوەی لەگەڵ یەكێتی گرفتیان نەماوە كە چەند وەزارەت لای یەكێتی بێت، عارف روشدی، روونیكردەوە: باوەڕ ناكەین گرفتێكی وا هەبێت كە جێگەی مشتومڕێكی زۆر و جێی گرێكوێرە بێت، دەتوانین رێكبكەوین، پۆست مەسەلەیەكی قورس نابێت.

بۆ بەشداربووانی گۆڕانیش لە كابینەی نوێ، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەكرد: كۆبوونەوەیان لەگەڵ كراوەو بەمنزیكانە كۆبوونەوەی دیكەشیان لەگەڵ دەكرێت، ئەوانیش قسەی خۆیان هه‌یه‌و قسەكانیشیان تاڕادەیەكی زۆر نزیكی ئەو بۆچوونانە بوون كە پارتی هەیبوون.
 
سەبارەت بەبەشداربوونی كۆمەڵی ئیسلامیش لە حكومەتی نوێی هەرێم، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: "دوو جۆرە كۆبوونەوە دەكرێت، كۆبوونەوەی یەكەم زیاتر سیاسین، بۆیە لەو سەردانانە ئەگەر حەزێك لای برادەرانی كۆمەڵ هەبێت، دەتوانین قسەیان لەگەڵ بكەین، دەرگامان لەكەس نەگرتووە، بەڵام هەندێك لایەن لەقسەكانیان بۆچوونیان دیار نییە كە ویستی بەشداربوونیان لە كابینەی نوێدا هەبێت".

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لە شاری هەولێر كۆبوونەوەو دواتر سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی و مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ماوەیەك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دیاریكراوە، بێئەوەی ئەو ماوەیە ئاشكرا بكەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک: س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure