ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى: حكومه‌تى هه‌رێم 51 ملیۆن دۆلار قه‌رزارى كه‌ركوكه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 14/01/2019‌ :: 766‌ جار بینراوە
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ده‌كات: رۆژانه‌ نزیكه‌ى 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوك له‌رێگه‌ى بۆرى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، ده‌ڵێت: "51 ملیۆن دۆلاری كه‌ركوك لای هه‌رێمی كوردستانه‌و سكاڵاش تۆماركراوه‌".


دواڕۆژ: ئاگادارى ورده‌كاریی رێككه‌وتنى هه‌رێم و ناوه‌ندن له‌باره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركوك له‌رێگه‌ى بۆرى نه‌وتی كوردستانه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
ئاگادارى رێككه‌وتنه‌كه‌ نین، ته‌نیا له‌رێگه‌ى راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بیستوومانه‌، به‌ڵام ئه‌و نه‌وته‌ى كه‌ له‌ پاڵاوگه‌كان زیاد ده‌بێت، له‌رێگه‌ى بۆرى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق، بڕى ئه‌و نه‌وته‌ى هه‌نارده‌ ده‌كرێت له‌ئێستادا رۆژانه‌ نزیكه‌ى 100 هه‌زار به‌رمیله‌، زیاتر له‌ كێڵگه‌كانى باى حه‌سه‌ن و هاڤانا به‌رهه‌مده‌هێنرێت و هه‌نارده‌ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: تێچووی گواستنه‌وه‌ى ئه‌و نه‌وته‌ى هه‌نارده‌ ده‌كرێت، كێ له‌ ئه‌ستۆى ده‌گرێت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
سۆمۆ له‌ ئه‌ستۆى ده‌گرێت و داهاته‌كه‌شى ده‌درێت به‌و كۆمپانیایه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ زیاتر له‌سه‌ر نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ ده‌بێت رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستى سۆمۆ بكات، پاشان به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ده‌نێرێت.

دواڕۆژ: له‌ئێستادا رۆژانه‌ چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرێت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
رۆژانه‌ ئاستى به‌رهه‌مهێنان ده‌گۆڕێت، ته‌نانه‌ت له‌ كێڵگه‌كانیشدا، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ لایه‌نى ته‌كنیكییه‌وه‌ هه‌یه‌، رۆژانه‌ 325 بۆ 350 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كێڵگه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و زۆربه‌ى ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوگه‌كانى ناوخۆى  عێراق.

دواڕۆژ: چاككردنه‌وه‌ى بۆرى نه‌وتى كه‌ركوك - بێجى به‌كوێ گه‌یشت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
بۆرییه‌كه‌ كۆنه‌ و به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ زیانى زۆرى به‌ركه‌وت و تێچوویه‌كى زۆرى پێویسته‌ و به‌ ئاسانى چاكناكرێته‌وه‌، بۆیه‌ باشترین و ئاسانترین ئه‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى بۆرى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ نه‌وتى كه‌ركوك هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت و بفرۆشرێت.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر ناردنى نه‌وتى كه‌ركوك له‌رێگه‌ى بۆرى هه‌رێمه‌وه‌ تا كه‌ى بخایه‌نێت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
په‌یوه‌سته‌ به‌ په‌یوه‌ندى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌گه‌ر رێكبن به‌رده‌وام ده‌بێت و پێویستیشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان چاكبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ چه‌ندین كێشه‌ى ترى وه‌ك گومرك و پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ و نه‌وت و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هه‌یه‌و ناتوانرێت له‌ یه‌ك لایه‌ندا كۆبكرێته‌وه‌، له‌م كێشانه‌دا هه‌ردوولا خه‌تابارن و پێوه‌ى پابه‌ندنابن، ته‌نانه‌ت تائێستا له‌سه‌ر لابردنى گومركى كه‌ركوك رێككه‌وتن نه‌كراوه‌، له‌ هه‌رێم یاسایه‌ك هه‌یه‌ و له‌ به‌غداش به‌ یاسایه‌كى تر كارده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
په‌یوه‌سته‌ به‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، به‌تایبه‌ت یه‌كێتى و پارتى ئه‌گه‌ر كۆكبن به‌یانى پارێزگارى كه‌ركوك داده‌نرێت، كه‌س-یش رێگرنییه‌ و ته‌نیا كورد خۆى هۆكاره‌، لیستى برایه‌تى 26 ئه‌ندامى هه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نى پارێزگا پێكده‌هێنێت، بۆیه‌ ده‌توانین پارێزگار دابنێین، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نى كوردى ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێت، یان به‌ مه‌رج ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌رى بكه‌ن.

دواڕۆژ: پێشتر رێككه‌وتن هه‌بوو بۆ ناردنى 40 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوك بۆ ئێران، بۆچى جێبه‌جێ نه‌كرا؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ كرا، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ بڕیارێك بنێردرێت بۆ كه‌ركوك راگیرا و لێى په‌شیمانبوونه‌وه‌، دواتر ناردنى نه‌وت بۆ ئێران راگیرا، به‌هۆى فشارى ئه‌مریكا و گه‌مارۆى ئابورى له‌سه‌ر ئێران.

دواڕۆژ: ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى كه‌ركوك كه‌ له‌رێگه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، بڕى چه‌ند پاره‌ى پتڕۆدۆلارى لێده‌درێت به‌ كه‌ركوك؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
پتڕۆدۆلار نادرێت به‌ كه‌ركوك، ته‌نیا به‌شێكى ده‌خرێته‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگاكه‌، هه‌موو ساڵێك به‌ڵێنى ناردنمان پێده‌ده‌ن و نایبه‌نه‌سه‌ر، له‌ مانگى 7ى 2013وه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌وه‌ بڕى 51 ملیۆن دۆلارمان لاى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ و دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگایه‌ تا یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: باس له‌ بردنى نه‌وتى كه‌ركوك ده‌كرێت به‌ تانكه‌ر، ئه‌مه‌ راسته‌؟ به‌دواداچونتان بۆ كردووه‌؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى:
ئه‌و زانیارییانه‌ لاى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ئه‌و لێدوانه‌یان داوه‌، 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رێژه‌یه‌كى زۆره‌، بۆیه‌ ده‌بێت رێگه‌یه‌كى هه‌بێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ى.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure