پارتى و یه‌كێتى: واده‌یه‌ك بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت دیاریكراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2019‌ :: 2754‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پارتى و یه‌كێتى واده‌یه‌ك بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت دیاریده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى وته‌بێژانى هه‌ردوو حزب ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ى كانونى دووه‌مى 2019 هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى و نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى به‌ڕێوه‌چوو.

كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، هه‌روه‌ها دۆخى كه‌ركوك و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ مه‌حمود محه‌مه‌د و سه‌عدى پیره‌، وته‌بێژانى هه‌ردوو حزب به‌شێك له‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌یان ئاشكراكرد.

مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی ره‌سمی پارتى رایگه‌یاند: جه‌ختمان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر زوو پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێم و ته‌ئكیدیشمان له‌ ته‌بایی خۆمان و یه‌كێتى كرده‌وه‌.

وتیشی: "واده‌یه‌كمان دیاریكردووه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان".

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌، وته‌بێژى یه‌كێتى رایگه‌یاند: تاوتوێى هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌مان كرد كه‌ پێویست بوو باسیبكه‌ین و باسی ئه‌و لایه‌نانه‌شمان كرد كه‌ بڕیاریانداوه‌ بێنه‌ ناو كابینه‌ى نوێ.

وتیشى: "ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ پارتى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ته‌نگژه‌كان له‌داهاتوودا".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "هیچ كام له‌ پارێزگاكانى عێراق هێنده‌ى كه‌ركوك چالاكی و ئاماده‌یی سه‌ربازی تیادا نییه‌، كه‌ شاری تری عێراق هه‌یه‌ كاری تیرۆری دووقاته‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ له‌دژی كورده‌ و دژی هاوڵاتیانى كورده‌ ئه‌و دیارده‌ عه‌سكه‌رییه‌".

به‌وته‌ى پیره‌ "له‌ مه‌سه‌له‌ی عێراقیشدا لێكنزیكبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى نه‌ك بۆ كورد بۆ ئاینده‌ى عێراقیش سوودی هه‌یه‌ و پشتیوانێكی باش ده‌بێت".

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆنامه‌وانییه‌كه‌دا مه‌حمود محه‌مه‌د وتى: "هێشتا پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزی بكه‌ینه‌ بنه‌ما بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، ئێمه‌ ئه‌وروپا و وڵاتانى دیموكراسی نین زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ بۆ دروستكردنى حكومه‌ت لێكبده‌ینه‌وه‌".

هه‌ردوو وته‌بێژ جه‌ختیشيانكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك پێویسته‌ كورد یه‌ك پاكێجی هه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى ئه‌و شاره‌ و ده‌بێت بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیركردنى كادیره‌كانى هه‌ردوولاش، سه‌عدی پیره‌ ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌بوو، "چونكه‌ ناكرێت و چۆن ده‌بێت ئێمه‌ له‌ساڵی 2019 بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كێشه‌ی بارمته‌ و بارمته‌كاری".

وته‌بێژی پارتى ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌وان وه‌ك شارێكی داگیركراو سه‌یری كه‌ركوك ده‌كه‌ن و هێشتا پێمانباشه‌ وه‌ك پارتى له‌ كه‌ركوك نه‌بین و جیاواز بیرده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌.

له‌سه‌ر پرسی ئاڵای كوردستانیش له‌و شاره‌ وتى: "مافی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ ئاڵا هه‌ڵبكات و بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى روویدا، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه‌ باسبكه‌ین كه‌ جارێكی تر مه‌سه‌له‌ی داگرتن و هه‌ڵدانى ئاڵا دووباره‌نه‌بێته‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure