وردەكاری پرۆژه‌ی گۆڕینى كارگەی جگەرەی سلێمانی بۆ ناوەندێكی كلتوری

هەواڵ / ئابوری :: 14/01/2019‌ :: 337‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وەزارەتی رۆشنبیری دەستیكرد بە جێبەجێكردنی پرۆژه‌ گۆڕینى كارگەی جگەرەی سلێمانی بۆ ناوەندێكی كلتوری، لەبودجەی پایتەختی رۆشنبیریش 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، بەمنزیكانەش پڕۆژەكە رادەگەیەنرێت.

فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: موڵكیەتی كارگەی جگەرەی سلێمانی لەوەزارەتی بازرگانییەوە بۆ وەزارەتەكەیان گواستراوەتەوە، ئەو تۆمەتانەش رەتدەكەنەوە كە ئەو كارگەیە بە تاكە كەس درابێت.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەو كارگەیە بەشێكە لە پڕۆسەی پایتەختی رۆشنبیری كە وەزارەتەكەیان پێیهەڵدەستێت و شوێنەكە دەبێتە ناوەندێكی كلتوری، هونەریی، ژیاریی و شوێنی (شانۆ، هۆڵ، سینەما)ی تێدا دەبێت، لەڕێگەی لیژنەی تایبەت كە لەبەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دروستكراوە دیزاینی نوێی تەواو بووە.

بەوتەی گۆمەشینی: لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستكراوە بە پڕۆسەكە و رێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی بۆ گیراوەتەبەر، لەنزیكترین كاتیشدا بە رەسمی پڕۆژەكە رادەگەیەنن، بۆ تەواوبوونیشی، ئەو لیژنەیەی لەبەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری دروستكراوە، خەمڵاندن و دەرخستەی بۆ دەكات.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئاشكرایكرد: وەك سەرەتا 500 ملیۆن دینارى لەپارەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ  تەرخانكراوە.

كارگەی جگەرەی سلێمانی دەكەوێتە سەر شەقامی سالم كە سەرەكیترین شەقامی شاری سلێمانییە و رووبەرێكی فراوانە، لە ساڵانی رابردوودا یەكێك بوو لە كارگە پڕ بەرهەمهێنەكانی جگەرە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە لەكاركردن وەستاوە و چەند ساڵێكیشە بڕیاردراوە شوێنەكە بكرێتە ناوەندێكی كلتوری.

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure