نوێترین زانیاری دەربارەی كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/01/2019‌ :: 914‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وابڕیارە ئەمڕۆ 14ی کانونی دووەمی 2019 لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەك لە پارتی كۆبوونەوەكە بەگرنگ ناودەبات و دەڵێت: "پێدەچێت تاوتوێی دابەشكردنی پۆستە سیادی و وەزارەتەكانیش بكرێت".

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی و یەكێتی بۆ تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و حكومەتی عێراق و پارێزگای كەركوك كۆدەبنەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی دیكەی پارتییەوە بەدواڕۆژ دراون، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكایەتی شاندی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی شاندی یەكێتی دەكات، مەسرور بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و كاندیدی ئەو حیزبەش بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان بەشدار دەبێت.

سەرچاوەكە روونیكردەوە: كۆبوونەوەكە گرنگە و پێدەچێت تاووتوێی دابەشكردنی پۆستە سیادی و وەزارەتەكانیش بكرێت و لیژنەی لاوەكییان بۆ دروست بكرێت، سەرچاوەكە وتی: "ئەگەری زۆرە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی، جێگری سەرۆكی هەرێمیش بۆ گۆڕان بێت".

بڕیاربوو هەفتەی پێشوو ئەو كۆبوونەوە باڵایەی یەكێتی و پارتی بكرێت، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی، كۆبوونەوەكە دواخرا، جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەدواڕۆژی راگەیاند، كۆبوونەوەكانی پێشتر زیاتر تێگەیشتن بووە لە یەكدی و نەچوونەتە وردەكارییەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هەنگاوێكی باش بێت.

دەربارەی یەكلاییبونەوەی پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ یەكێتی، هەورامی روونیكردەوە: "جارێ ئەوانە تەنیا قسەن و پێشبینیین".

تائێستا پارتی و گۆڕان سێ كۆبوونەوەیان كردووە، یەكێكیان لوتكە و دووانیان لیژنەی دانوستان، بەڵام تائێستا بەوتەی بەرپرسانی گۆڕان، بڕیاری كۆتاییان بۆ بەشداری لە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوون نەداوە.

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەنجامی دانوستانەكانی پێشتر جێی گفتوگۆیە و نەبوه‌تە بڕیاری كۆتایی، ئەوان داوای بەركەوتەی خۆیان كردوە.

سەبارەت بەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان یەكلایی بۆتەوە، ناوبراو وتی: "داوای پۆستی وەزاری سیادی و خزمەتگوزاری و جێگرەكانمان لە سێ سەرۆكایەتییەكە كردوە لەگەڵ دەستە و بریكاری وەزیرەكانیش، بەڵام ئەوە لە دانوستانی ئەمجارە بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، دواجاریش بۆ بڕیاری كۆتایی دەبێت لیژنەكە بگەڕێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی".

هەرچەندە تائێستا پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی نەكردووە بۆ پرسی بەشداربوونیان لە حكومەتی نوێ، بەڵام بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی پارتی: "كۆمەڵیش بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یەكلایی بۆتەوە و بەشدار دەبێت".

لە بەرامبەردا كۆمەڵی ئیسلامی رەتیدەكاتەوە ئەوان بۆ بەشداری لە حكومەت یەكلایی بووبێتنەوە، فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ بە دواڕۆژی راگەیاند: تائێستا بە رەسمی و ناڕەسمی هیچ لایەنێك سەردانیان نەكردوون و هیچ وتوێژێكیان لەگەڵ نەكراوە، لەناو كۆمەڵیش بۆ ئەو مەبەستە وتوێژ نەكراوە، ئەوەی دەوترێت دەنگۆیە.

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure