دۆلار وه‌ك چه‌ك.. روسیا خۆى له‌ دراوى ئه‌مریكا رزگارده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 14/01/2019‌ :: 529‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌یه‌كى ئه‌ڵمانى ئاشكراى ده‌كات، روسیاش وه‌ك هه‌ندێك وڵاتى دیكه‌، خۆى له‌ پشتبه‌ستن به‌ دۆلار رزگار ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ى گۆڕینى دراوى نه‌ختینه‌كه‌ى بۆ  دراوى یۆرۆ و یوانى چینى.


رۆژنامه‌ى (Die Welt) له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندى نێوان ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكى روسیا و دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا زۆر باشه‌، به‌ڵام مۆسكۆ له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌ربه‌خۆیی سیستمى دارایی، بۆ ئه‌وه‌ى بۆ هه‌موو شتێك پشت به‌دۆلار نه‌به‌ستێت.

رۆژنامه‌كه‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌: كه‌ چۆن روسیا ورده‌ ورده‌ له‌ به‌كارهێنانى دۆلار دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، نوسیویه‌تى: "روسیا دراوى یه‌ده‌گه‌كه‌ى به‌ دراوى بیانى جۆراوجۆر كردوه‌، ته‌نیا له‌ چاره‌كى دووه‌مى ساڵى رابردوودا نزیكه‌ى 100 ملیار دۆلارى ئه‌مریكى گۆڕیوه‌، كردونى به‌ یۆرۆ و یوان، وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌مریكا ئاشكراى كردوه‌ كه‌ روسیا هه‌موو (سندات) قه‌واڵه‌كانى حكومه‌تى ئه‌مریكاى گۆڕیوه‌".

به‌وته‌ی توێژه‌رێكى بانكى مۆرگان ستانلى ئه‌مریكا، كه‌ قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ كردوه‌: له‌ ئێستادا روسیا یه‌كه‌م كڕیارى قه‌واڵه‌ (سندات) ى حكومه‌تى چینه‌، ڤلادیمێر پوتین، په‌كین وه‌ك جێگره‌وه‌ى واشنتن سه‌یر ده‌كات و قه‌باره‌ى یه‌ده‌گى دراوى یۆرۆى بانكى ناوه‌ندى روسیا ساڵى رابردوو به‌رێژه‌ى 7% زیادیكردوه‌ و به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ 32%ی كۆى یه‌ده‌گى دراوى بیانى ئه‌و وڵاته‌.

به‌وته‌ی پسپۆرانى ئابوورى هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌و گۆڕینه‌ى پێوه‌ره‌ داراییه‌كان له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌، سزاكانى ئه‌مریكایه‌، به‌و پێیه‌ى ئه‌مریكا "دۆلار وه‌ك چه‌كێك دژى روسیا به‌كارده‌هێنێت".

دى واڵت له‌ راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت: "واشنتن تووشى بێ ئومێدییه‌كى زۆر بووه‌، به‌هۆى بێ متمانه‌یی سیستمى دۆلار، وڵاتان ناچار ده‌بن بۆ هه‌ڵگرتنى یه‌ده‌گى دراوى قورس له‌ دۆلار دوربكه‌ونه‌وه‌، به‌پێى راپۆرتێكى سندوقى نێوده‌وڵه‌تیش ساڵى رابردوو پێكهاته‌ى نه‌ختینه‌ى جیهان گۆڕانكارى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ پێنج ساڵى رابردوودا یه‌ده‌گى دۆلار به‌رێژه‌ى 62% كه‌میكردوه‌.

له‌ كۆتایی راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى دى ڤاڵت ده‌ڵێت: سیاسه‌ت تاك لایه‌نه‌ و پچڕپچڕه‌كانى ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌ بۆ سیستمى دارایی جیهان.

 

ئا: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure