وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق داوای ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له‌پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 14/01/2019‌ :: 602‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عمیاد جه‌باری
وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق داوایه‌كی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه‌ی چه‌كدارانی داعشی تێدایه‌، فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێت: "هێشتا چۆنێتی هه‌مه‌هه‌نگییەكه‌مان بۆ روون نه‌بوه‌ته‌وه‌".


لیوا روكن مه‌ریوان محه‌مه‌د، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی دوو به‌دواڕۆژی وت: "وه‌زاره‌تی به‌رگری داوایه‌كی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له‌هه‌موو ئه‌و ناوچه‌ سنورییانه‌ی نێوانمان كه‌ چه‌كدارانی داعشی تێدایه‌".

 

وتیشی: "وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌كانی حه‌فتا و هه‌شتا كۆبوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و پێشنیاره‌ی خستوه‌ته‌ڕوو، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین به‌غدا بێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئامانجه‌كه‌یان له‌ داواكارییه‌کە روونبكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێمه‌یش هه‌مه‌هه‌نگییان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، له‌و رێگایه‌شه‌وه‌ ده‌ستمان بگاته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كات".

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و ناوچانه‌ی عێراق داوایكردوه‌ ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی تێدا ئه‌نجامبدرێت، ته‌واوی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌ كه‌ له‌شنگاله‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو خانه‌قین.

 

لیوا روكن مه‌ریوان نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌شێكن له‌هه‌موو رێككه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كان دژی داعش، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش بێگومان ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌ به‌ڵام جارێ هیچ شتێك رووینه‌داوه‌.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure