سبه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2019‌ :: 1190‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر و پشتیوان
بڕیاروایه‌ سبه‌ى هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتى كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ى كانونى دووه‌مى 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: سبەینێ لە هەولێر مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنى چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به‌ هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غدا.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێى هه‌رێم و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. 

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان پرسی كێشه‌كانی كه‌ركوكیش یه‌كێك ده‌بێت له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌.

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كانی 19ی كانونی یه‌كه‌می مانگی رابردوو، تاوه‌كو ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

پێشتر دواڕۆژ بڵاویكرده‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی رێككه‌وتوون به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان شاندی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا ئه‌نجامبدرێت بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌ و نه‌هێشتنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی.

دوێنێ فرسه‌ت سۆفی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری پارتی لێدوانێكدا رایگه‌یاند: هێشتا هیچ كات و واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی گه‌ڕی سێهه‌می كۆبوونه‌وه‌كان دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام پارتی جدیه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا گفتووگۆی جدی ده‌ستپێبكات.

وتیشى: "هه‌وڵ و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا ده‌گه‌نه‌ ده‌ره‌نجامی باش، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ناكۆكییش هه‌بێت رێگه‌چاره‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی كاتێكی دیاریكراو ئه‌نجامی باش به‌ده‌ستده‌هێنرێت و با خه‌ڵكی كوردستان دڵخۆشبن".

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure