هەڵەبجە: ساڵی ڕابردوو زۆرترین کچ لە دایکبوون و زۆرترین پیاویش گیانیان لەدەستداوە

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2019‌ :: 315‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کارو چالاکی و سەردانیکردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە خرانەڕوو.


لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سنور حامید، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد: لە ساڵی ڕابردوودا 81 هەزار و 792 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەکانی سنورەکەیان کردووە، لەو ژمارەیەش 26 هەزارو 569یان لە ڕەگەزی نێرو 45 هەزارو 223 نەخۆشیشیان لە ڕەگەزی مێ بوون.

ئەوەشی خستەڕوو: هەر لەساڵی ڕابردوودا هەزارو 594 منداڵ لە دایکبوون کە 768 منداڵیان لە ڕەگەزی نێرو 826 منداڵیشیان لە ڕەگەزی مێ بوون، هاوکات لە ساڵی ڕابردوودا 123کەس گیانیان لە دەستداوە کە 70 کەسیان لە ڕەگەزی نێر و 53 کەسیشیان لەڕەگەزی مێ بوون.

هەر لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی وت: "لەساڵی ڕابردوودا بڕی 10ملیارو915ملیۆن دینارخەرجکراوە بۆ سەرجەم بەش و بوارە جۆربەجۆرەکانی کەرتی تەندروستی، هەروەها بە بڕی 131 هەزاردۆلار لەسەر بودجەی ڕێکخراوی شنەبای یابانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە نۆژەنکراوەتەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure