وەزیری تەندروستی لەبارەی دامەزراندنی كارمەندانی خۆبەخش رونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2019‌ :: 1555‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: پێویستیان بە كارمەندانی خۆبەخشە، بەڵام ئەگەر بودجە رێگە بدات و حكومەت میلاكاتی نوێ دابنێت، هەموویان دادەمەزرێن، دەڵێت: "کاری لەپێشینەی حكومەت ئەوەیە پاشەكەوتی مووچەی ئەو كارمەندانە لاببات كە دامەزراون".


بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەك كارمەندی خۆبەخش لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتن لە سلێمانی و قەزای کۆیە كارەكانیان هەڵپەسارد و داوای دامەزراندنیان كرد كە بەوتەی خۆیان پێنج ساڵە بەشێوەی خۆبەخشی كاردەكەن.

د.رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە میانەی كردنەوەی سەنتەرێكی نوێ بۆ توشبوانی نەخۆشی ئۆتیزم لە سلێمانی، سەبارەت بە داواكاری كارمەندانی خۆبەخش بۆ دامەزراندنیان رایگەیاند: كۆمەڵێك رێنمایی دارایی و چاودێری دارایی هەیە كە دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە، ئێمە دەتوانین خواردن و دەرماڵە بۆ ئەو كارمەندانە دابین بكەین كە بەفەرمی دامەزراون، نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتمان پێبدەن تا ئەو ئیمتیازاتانەی كارمەندانی هەمیشەیی هەیانە، كارمەندانی خۆبەخشیش بگرێتەوە.

وتیشی: "ئێمە پێویستمان بەو كارمەندانەیە، چونكە ژمارەیەكی زۆر كارمەندمان مۆڵەتی بێمووچەیان وەرگرتووە، بەڵام ناچارین پابەند بین بەڕێنماییە داراییەكانیشەوە".

وەزیری تەندروستی روونیشیكردەوە: دامەزراندن بەپێی میلاكاتە و لەم ماوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران میلاكاتی بۆ جێبەجێكردووین و بەهیواین هەندێك پسپۆڕی دیكە دابمەزرێنین و ئەگەر بودجە رێگە بدات و حكومەت میلاكاتی نوێ دابنێت، پێویستمان بەهەموویانە، بەڵام ئێستا کاری لەپێشینەی حكومەتی هەرێم ئەوەیە پاشەكەوتی مووچەی ئەو كارمەندانە لاببات كە دامەزراون".

سەبارەت بەوەی كارنەكردنی ئەو كارمەندە خۆبەخشانە گرفت بۆ كەرتی تەندروستی دروستدەکات، د.رێكەوت وتی: "بەپێی یاسا و رێنماییەكان، كارمەندی خۆبەخش هیچ بەرپرسیارێتییەكی لەسەر نییە، بۆیە دامانمەزراندوون بۆ ئەوەی ئەو پراكتیكەی وەریانگرتووە بیریان نەچێتەوە".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure