دواڕۆژ زانیاری نوێ له‌سه‌ر ڕه‌وشی ته‌ندروستی ئۆجه‌لان بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2019‌ :: 625‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ، رەڤەند
دوای نزیكه‌ی سێ ساڵ چاوه‌ڕوانی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12 كانونی دووه‌می 2019، محه‌مه‌د ئۆجه‌لان برای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، سه‌ردانی ئۆجه‌لانی كرد و دواڕۆژیش له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی هه‌ده‌په‌ زانیاری له‌سه‌ر ڕه‌وشی ته‌ندروستی ئۆجه‌لان بڵاوده‌كاته‌وه‌. 


عابد ئیكه‌ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ شاری هه‌ولێر به‌دواڕۆژی وت: "ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ محه‌مه‌د ئۆجه‌لان برای ڕێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ سه‌ردانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی كرد له‌ زیندانی ئیمرالی". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ له‌ ساڵی 2016ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ كه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی سه‌ردانی ئۆجه‌لان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ برایه‌كه‌ی سه‌ردانی كردووه‌و چاوی به‌ ئۆجه‌لان كه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵی ئێمه‌یه‌. 

له‌باره‌ی ڕه‌وشی ته‌ندروستی ئۆجه‌لانیش ئیكه‌ وتی: "ئه‌وه‌ی تائێستا به‌ ئێمه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌و له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شوكر بۆ خودا ڕه‌وشی ته‌ندروستی ڕێبه‌ر ئۆجه‌لان باش و ئاساییه‌". 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ی مانگرتنه‌كه‌یان ده‌شكێنن كه‌ چه‌ندین ڕۆژه‌ دژی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجه‌لان مانیان گرتووه‌، ئیكه‌ ڕونیكرده‌وه‌: ڕاسته‌ كه‌ ئه‌مڕۆ گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجه‌لان هه‌ڵگیرا و براكه‌ی چاوی پێكه‌وت، به‌ڵام تاوه‌كو ته‌واو ته‌واو به‌رچاومان ڕوون نه‌بێت و محه‌مه‌د ئۆجه‌لان به‌فه‌رمی له‌سه‌ر تیڤی نه‌ڵێت مانگرتنه‌كه‌ بشكێنن و ژیان و ڕه‌وشی ئۆجه‌لان جێگه‌ی مه‌ترسی نییه‌، تا ئه‌وكات مانگرتنه‌كه‌ ناشكێنین. 

15ی شوباتی 1999 عەبدوڵا ئۆجەلان لە نایروبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا، سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، دواتر حوکمەکەی گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
 
ئۆجه‌لان نزیکەی 20 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی لە دەریای مەڕمەڕە زیندانیکراوە، لە ساڵی 2012ەوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی و لە 2016شەوە ڕێگە بە کەسوکارەکەی نەدراوە سەردانی بکەن، دوای سێ ساڵ ئەمڕۆ شەممە تورکیا ڕێگەیدا، محەمەد ئۆجەلان چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كه‌وتووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure