لقى هه‌ولێرى بانكى ناوه‌ندى كێشه‌یه‌كى سلێمانى چاره‌سه‌ر ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 12/01/2019‌ :: 912‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پاره‌ى ورده‌ى دڕاوى 250 و 500 دیناری له‌ بازاڕ كه‌مبووبێتەوه‌و ده‌ڵێت: "كێشه‌یه‌كى بچووك له‌سلێمانى هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى پاره‌ دابه‌شى ده‌كه‌ین".

له‌باره‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى پاره‌ى ورده‌ له‌ بازاڕو شوێنه‌ بازرگانییه‌كان، عه‌بد ساڵح به‌ڕێوه‌به‌رى لقى هه‌ولێرى بانكى ناوه‌ندى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و گرفته‌ هه‌یه‌ و پاره‌ى ورده‌ى دڕاو كه‌مبووەته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ک نییه‌ كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس ده‌كرێت".

وتیشى: "مانگانە له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندى به‌غداوه‌ بڕێك پاره‌مان پێده‌گات و ئێمه‌ش به‌رده‌وام دابه‌شمانكردووه‌، به‌مه‌ش گرفته‌كه‌ زۆر كه‌مبووەته‌وه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ى لقى هه‌ولێرى بانكى ناوه‌ندى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ سلێمانى گرفتێكى بچووك هه‌بوو كه‌ پاره‌ى ورده‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا له‌گه‌ڵ گەیشتنیدا، پاره‌كه‌ ده‌نێرینه‌ سلێمانى، چونكه‌ مانگی رابردوو ٤٠%ى پارەی وردە دابەشکراوە، بۆ مانگەکانی داھاتووش بڕێكى زیاتر دابه‌شده‌كرێت، به‌مه‌ش كێشه‌ى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران نامێنێت".

بۆ گۆڕینه‌وه‌ى پاره‌ى ورده‌ى دڕاو، بانكى ناوه‌ندى عێراق ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى بانكه‌ ئه‌هلییه‌كانەوە مامه‌ڵه‌ بكات و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ پاره‌ى ورده‌ى دڕاوى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران وه‌ربگیرێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم ره‌تیكردووەته‌وه‌و داوایكردووه‌ له‌ بانكێكى حكومى حیسابێكیان بۆ بكاته‌وه‌.

ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم گرفتى كه‌مبوونه‌وه‌ى پاره‌ى ورده‌ى دڕاوى 250 و 500 دیناریان بۆ دروستبووه‌، كه‌ له‌به‌شێك له‌ ماركێت و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان پاره‌كانیان لێوه‌رناگرێت.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure