به‌غدا له‌باره‌ی مووچه‌وه‌ داوایه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 12/01/2019‌ :: 26501‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌ندامێكى لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌غدا داواى لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى و پێشمه‌رگه‌و چه‌ند توێژێكى دیكه‌ى هه‌رێمى كردووه‌، ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت له‌كاتى كێشه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌بڕدرێت".


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى كانوونى دووه‌م، ئەحمەد سەفار ئه‌ندامى لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لێژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق سه‌رقاڵى گفتوگۆی پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراقین و رۆژانه‌ نزیكه‌ى 10 كاتژمێر كارمان له‌سه‌ر كردووه‌و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى وه‌زیران و به‌رپرسانى به‌غدا كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆى زۆرى مادده‌و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌كه‌، چاوه‌ڕاوان ناكرێت تاوه‌كو 10 رۆژى دیكه‌ بودجه‌كه‌ به‌ته‌واوی ئاماده‌بكرێت". 

له‌باره‌ى داواكارى حكومه‌تى عێراق بۆ لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ئه‌حمه‌د سه‌فار وتى: "به‌غدا داواى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌ لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى و كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون و زیندانیانى سیاسى بنێرێت، له‌نێو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ته‌نیا داواى كردووه‌ لیستى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ بنێرێت".

وتیشى: "ئه‌و داواكارییه‌ى به‌غدا به‌ ئیجابى ده‌بینین بۆ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ماوه‌یه‌كى زۆر نزیكدا شاندى هه‌رێم بێته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى كورد له‌ بودجه‌ى عێراق".

هه‌روه‌ها به‌ پێى نوێترین گۆڕانكارى كه‌ له‌ پرۆژه‌یاسایی بودجه‌كراوه‌، كه‌ تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ نێردرواوه‌،  له‌ بڕگه‌ى شه‌ش له‌ ماده‌ى (11)ى هاتووه‌:  "پابه‌ندكردنى هه‌رێمى كردستان به‌ ناردنى لیستى میلاكاتى فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى و به‌گوێره‌ى ناونیشانى وه‌زیفى و پڕكراوه‌ و پڕنه‌كراوه‌ و نێر و مێ، به‌پێى خشته‌ى (ج) ى هێزى كار كه‌ هاوپێچى یاساى بودجه‌ى فیدراڵى 2019 یه‌".


له‌باره‌ى پابه‌ندكردنى هه‌رێم به‌ ناردنى 250 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌، ئه‌ندامه‌كه‌ى لێژنه‌ى دارایى عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ بڕگه‌یه‌كى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات و له‌به‌رامبه‌ردا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ ده‌نێردرێت، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كارێك بكه‌ین تاوه‌كو ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا تووشى كێشه‌ هاتن، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌بڕدرێت.

نزیكه‌ى دوو مانگه‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق بۆ په‌رله‌مان نێردراوه‌و تائێستا دووجار خوێندنه‌وه‌ى بۆ كراوه‌، به‌پێى مادده‌ى 10ى پڕۆژه‌كه‌، عێراق 454 ملیارى دینارى فه‌رمانبه‌ران و 67 ملیار دینارى پێشمه‌رگه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت.

هاوكات له‌باره‌ى پشكى كورد له‌ بودجه‌ى عێراق، بڕیاره‌ دووشه‌ممه‌ى ئه‌و هه‌فته‌یه‌ 14ى كانوونى دووه‌م، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كۆببێته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure