بەڕێوەبەرێكی گشتی سلێمانی له‌سه‌ر پۆستێكی فه‌یسبووك لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2019‌ :: 1283‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایان لە پارێزگای سلێمانی كردووە بەمەبەستی "لێپێچینەوە"، سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بانگهێشتی ئەنجومەن بكرێت
.

بەپێی نووسراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەواژووی بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كە رۆژی 10-1-2019 ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی كراوە و وێنەی دەست دواڕۆژ كەوتووە، بانگهێشتی بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی كراوە.

لەو نووسراوەدا هاتووە "بفەرموون بە بانگهێشتكردنی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی لە بەرواری 16-1-2019 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لەهۆڵی سەرۆكایەتی ئەنجومەن بەمەبەستی لێپێچینەوە بۆ ئەو وتانەی كە لەئەكاونتی خۆی بڵاویكردووەتەوە و تێیدا باسی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات كە هاوپێچی نوسراومانە".

لەو بارەیەوە سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئاگاداری نووسراوی بانگهێشتكردنی نییە و هەر كاتێك بە فەرمی نووسراوەكەی پێگەیشت، وەڵامی دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونی دواڕۆژ، هۆكاری سەرەكی ئەو بانگهێشتكردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرەتای ئەمساڵ، رزگاری حەمەنوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بابەتێكی لەسەر كارەبای پارێزگای هەڵەبجە كە كارەبای شارەزوور بە بڕیاری كارەبای سلێمانی هەڵدەستێت بەدانانی جۆزەی 16 ئەمپێری بۆ كارەبای نیشتمانی بۆ ماڵان، لەو رووەشەوە تێبینی لەسەر پڕۆژەكە هەبووە، دواتریش سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بەهەمانشێوە لە ئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وەڵامی نووسینەكەی رزگار حەمەنوری داوەتەوە.

دواتریش ئه‌ندازیار سالار حسام الدین به‌رێوه‌به‌رى گشتى كاره‌باى گشتى كاره‌باى سلێمانى به‌روارى 9ى كانوونى دووه‌م له‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك له‌ژێر ناونیشانى (روون كردنه‌وه‌یه‌ك بۆ دانیشتوانى به‌شه‌ره‌فى پاریزگای هه‌ڵه‌بجه‌) وه‌ڵام ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى داوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "ناكرێت له‌بابه‌تى خزمه‌تگوزاری هاوڵاتیاندا موزایه‌ده‌ و یارى كردن به‌ هه‌ست و نه‌ستیان بكریت به‌شیوه‌یه‌كى ناره‌وا".


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure