به‌رپرسێكى هاتووچۆ: ئاماره‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانى قوربانیانى هاتووچۆ هه‌ڵه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 270‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌رپرسێكى هاتووچۆ رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و ئاماره‌ى سه‌باره‌ت به‌ قوربانیانى رووداوه‌كانى هاتووچۆ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و هۆكاره‌كه‌شى روونده‌كاته‌وه‌ و به‌رپرسێكى ترى بواره‌كه‌ش هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى رووداوه‌كان ئاشكراده‌كات.


عه‌قید زاهیر محه‌مه‌د غه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌رى هاتووچۆى كۆیه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى كانونى دووه‌مى 2019 له‌میانه‌ى به‌شداریكردنى له‌ به‌رنامه‌ى (مژارى كۆمه‌ڵگه‌)ى رادیۆى دواڕۆژ رایگه‌یاند: ئه‌و ئاماره‌ى سه‌باره‌ت به‌ قوربانیانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌مانگیمان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌كان و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نیه‌.

رونیشیكرده‌وه‌: له‌كاتێكدا هێلكارى بۆ رووداوێك ده‌كه‌ین و رووداوه‌كه‌ چوار بریندارى لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، ده‌بینین هه‌ندێك جار یه‌كێك له‌ برینداره‌كان پاش مانگێك به‌كاریگه‌رى برینه‌كه‌ى گیان له‌ده‌ستده‌دات به‌ڵام ئه‌میان له‌نێو ئاماره‌كاندا ئاماژه‌ى پێناكرێت.

عه‌قید زاهیر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ باشتره‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاماره‌كان دروست بێت، له‌سه‌ر ئاماره‌كانیش رونكردنه‌وه‌ و هۆشیارى به‌ حكومه‌ت بده‌ین.

لاى خۆیه‌وه‌ رائید كاروان محه‌مه‌د سدیق، وته‌بێژى هاتوچۆى سلێمانى له‌میانه‌ى به‌شدارى له‌ به‌رنامه‌كه‌دا رایگه‌یاند: ساڵانه‌ قوربانیانى رووداوه‌كانى هاتووچۆ تا راده‌یه‌ك به‌ جێگیرى ماوه‌ته‌وه‌ و ژماره‌كان به‌رێژه‌یه‌كى كه‌م كه‌مده‌كات، یان به‌رێژه‌یه‌كى كه‌م زیاد ده‌كات.

وتیشى: كۆكم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌ت و به‌تایبه‌تیش له‌نێوان ناوخۆ و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى نیه‌ له‌ پرسى تایبه‌ت به‌ هاتووچۆ.

وته‌بێژى هاتووچۆى سلێمانى سه‌باره‌ت به‌ فاكته‌ره‌كانى رووداوه‌كانیش ئاشكرایكرد: چه‌ند فاكته‌رێكى سه‌ره‌كى هه‌ن له‌وانه‌، (یه‌كه‌م خودى شۆفێر و پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێسا و خێرا، خراپى هه‌لومه‌رجى رێگاوبان، نه‌بون و له‌ده‌ستدانى مه‌رجه‌كانى توندوتۆڵى و خراپى كه‌شوهه‌وا).

ئاشكراشیكرد: سه‌باره‌ت به‌ خراپى هه‌لومه‌رجى رێگاوبان زۆرینه‌ى رێگاكانى سلێمانى بۆ هه‌ریه‌ك له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان و ئیداره‌ى راپه‌ڕین و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌ك سایدى دوو ئاراسته‌ن جگه‌ له‌ بوونى چاڵى زۆر و نه‌بوونى ستون و هێلكارى و تابلۆ.

به‌رنامه‌ى مژارى كۆمه‌ڵگه‌ رۆژانه‌ كاتژمێر (3:05)ى پاش نیوه‌ڕۆ له‌ رادیۆى دواڕۆژ پێشكه‌ش ده‌كرێت و به‌رنامه‌ى ئه‌مڕۆش تایبه‌ت بوو به‌ (هۆكارى زیادبوونى قوربانیانى رووداوه‌كانى هاتووچۆ).

بۆ بیستنى به‌رنامه‌كه‌ كلیك لێره‌ بكه‌، هه‌روه‌ها بۆ گوێگرتنى راسته‌وخۆ له‌ رادیۆى دواڕۆژ كلیك لێره‌ بكه‌.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure