سه‌ركردایه‌تیه‌كى یەكێتی: كۆسرەت رەسوڵ نامەیەكی ئاڕاستەی پارتی و بارزانی كردووە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 12/01/2019‌ :: 8879‌ جار بینراوە
فەرید ئەسەسەرد

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: كۆسرەت رەسوڵ نامەیەكی ئاڕاستەی پارتی و بارزانی كردووە و بە گیانی گەیشتن بە رێككەوتن و لەسەر كۆی پرسەكان نووسراوە. فەرید ئەسەسەرد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دواڕۆژ دەشڵێت: "یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان ئەوەیە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هاتۆتە ئاراوە و ئەو بابەتەش بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ یەكێتی كراوە" و ئەوەش پرسێكی نیشتمانییە ناكرێت یەك لایەن بڕیاری لێبدات.


دواڕۆژ: لە دوو هەفتەی رابردوودا بڕیاربوو یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ چارەسەری سەرجەم پرسەكان كۆببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا، كەی بڕیارە ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت؟
فەرید ئەسەسەرد:
تا ئێستا هیچ وادەیەكی دیاریكراونیە بۆ كۆبوونەوە لە نێوان یەكێتی و پارتی ئێمە پێمان باشە كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە نەكرێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ پەكیدەكەوێت، لەبەر ئەوەی لەنێوان هەردولا ئیرادە هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت هەر دەبێت كۆببنەوە و بگەن بە رێككەوتنێك لەبارەی ئەو پرسانەی تا ئێستا نەگەیشتوون بە رێككەوتن لەسەریان، ئەگەر كۆبوونەوەكە بكرێت لەسەر ئاستی سەركردایەتی هەردولا دەكرێت.

دواڕۆژ: دەوترێت یەكێتی پڕۆژەیەكی داوە بە پارتی لەبارەی چارەسەری كێشەكانی هەردولا، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە پڕۆژەیەكی نوێتان ئامادەكردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، ئایا ئەمە راستە؟
فەرید ئەسەسەرد:
تا ئێستا ئێمە هیچ پڕۆژەیەكمان نەداوە بە پارتی و هیچ پڕۆژەیەكیشمان ئامادەنەكردووە، تەنها كارنامەی خۆمان بۆ شاندی دانوستانكار بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادەكردووە، بەڵام كۆسرەت ڕەسوڵ نامەیەكی ئاڕاستەی پارتی و بارزانی كردووە و بە گیانی گەیشتن بە رێككەوتن نووسراوە و بەشێوەیەكی گشتی لەسەر كۆی پرسەكان نووسراوە، تا ئێستا پارتی وەڵامی ئەو نامەیەیان بە رەسمی نەداوەتەوە و هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەلایەن هەردولا بەردەوامە، تا ئێستا یەكێتی هیچ پڕۆژەیەكی ئامادەنەكردووە و ئەگەر پێویست بكات لە ماوەیەكی زۆركورت بە وردەكاری سەرجەم پرسەكانەوە پڕۆژەیەك ئامادە دەكەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی.
 
دواڕۆژ: كێشەكانی ئێستای یەكێتی و پارتی لەسەر چیە، بۆ ناتوانن چارەسەری كێشەكانتان بكەن؟
فەرید ئەسەسەرد:
كێشەكان یەك پرس نیە، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان ئەوەیە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هاتۆتە ئاراوە و ئەو بابەتەش بەبێ‌ راوێژ لەگەڵ یەكێتی كراوە و ئێمەش لە میدیاكان بیستومانە پارتی نیازی كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی هەیە، بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم پرسێكی نیشتمانییە ناكرێت یەك لایەن بڕیاری لێبدات، پارتی بۆچوونی ئەوەیە ئێمە لە بابەتی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەست بە چارەسەری پرسەكان بكەین، ئێمەش بۆچوونمان ئەوەیە پاش هەڵبژاردن پرسی سەرەكی بریتییە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، دەبێت ئەم پرۆسەیە كۆتایی پێبهێنین پاشان بچینەسەر پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە ئەو پرسە بۆ كاراكردنەوەی پێویستی بە پڕۆژەیە یاسایە لە پەرلەمان و دەبێت خوێندنەوەی بۆ بكرێت گفتوگۆ لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی بكرێت، ئەمەش نزیكەی دوو مانگی پێدەچێت، پارتی دەیەوێت پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكی هەرێم لە یەك دانیشتن تێپەڕێنن، بۆیە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئێمە دژی ئەم پرسە نین و پشتگیری كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەین و كێشەمان نیە لەو بارەیەوە، بەڵام وردەكاریی زۆری دەوێت و دەمانەوێت ئەم پرسە هەڵبگیرێت بۆ پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، چونكە دەرفەتی گونجاوتر دێتەئاراوە بۆ سازان لەسەر زۆربەی بابەتەكان، ئێستا ئێمە لەسەر هیچ شتێك رێكنەكەوتووین پرسێك هاتۆتە ئاراوە هیچ لایەنێك خۆی بۆ ئامادە نەكردووە و پارتیش دەیەوێت بەپەلە تێیپەڕێنێت، بۆیە ئێمەش بە گومانەوە سەیری ئەو پرسە دەكەین، ئێمە دەزانین ئەم پرسە پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی ناو پارتییەوە هەیە و ئەوان بە هێنانە پێشەوەی پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەیانەوێت هەندێ‌ كێشەی ناوخۆی خۆیانی پێچارەسەر بكەن، ئێمە پەیوەندیمان بە كێشە ناوخۆییەكانی پارتییەوە نیە و ناشمانەوێ‌ كێشەی پارتی تێكەڵ بكرێت بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ئەمە دوو بابەتی جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین هاوكاری پارتی بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو كێشەیەی لەناو خۆیاندا هەیە لە رێگەی هاوكاری بۆ كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم نەك لەم هەلومەرجەی ئێستادا، بەڵكو پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ‌

دواڕۆژ: ئێوە لە كۆبوونەوەكانی رابردوو لەگەڵ پارتی باستان لەوە كردووە، كە دەبێت پرسەكانی بەغدا و كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و هەرێمی كوردستان بە سەرجەم بابەتەكانییەوە یەك پاكێج بێت و گفتوگۆی لەبارەوە بكەن و رێككەوتنێكی نوێ‌ لەسەر ئەو پرسانە بكەن، پارتی پێیوایە دەبێت ئەو پرسانە بەجیا گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، ئەمە بەكوێ‌ گەیشتووە؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئەوە هەمووی بەو مانایە دێت پارتی دەیەوێت جگە لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هەمووی دەكەوێتە پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، بەڵام هیچ گرەنتیەك نیە پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەسەر پرسەكانی كەركوك و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ بەغدا بگەین بە رێككەوتن، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو پرسانە پێشبخەین، بۆ ئەوەی رێخۆشبكەین بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە بەرچاوڕوونیەوە پێكبێت.
 
دواڕۆژ: واتە یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی بە یەك پاكێج رێككەوتنێكی نوێ‌ لەسەر سەرجەم پرسەكان لەگەڵ پارتی بكات؟
فەرید ئەسەسەرد:
بەڵێ‌، چونكە ئەگەر ئێمە لە ئێستادا لەسەر ئەو پرسانە رێكنەكەوین زۆر ئەستەمە پاشتر رێكبكەوین، ئێمە كە بەشداری دەكەین لە حكومەت و پۆست وەردەگرین لە كابینەی نوێ‌ دەبین بە شەریكی پارتی و لایەنە بەشدارەكانی تر، دواتر دەچینەسەر پرسەكانی كەركوك و بەغدا ئەگەر رێكنەكەوتین لەسەر ئەم دووپرسە گرنگە بەدڵنیاییەوە رەنگدەداتەوە لەسەر پەیوەندییەكانمان لەناو ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان، رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی كابینەی نوێی حكومەت تووشی لێكترازان بێت وەك ئەو كێشەیەی لە كابینەی هەشت روویدا، كاتێك لایەنەكان نەیانتوانی لە دەرەوەی حكومەت لەسەر هەندێ‌ پرس رێكبكەون حكومەت و پەرلەمان پەكیكەوت، نامانەوێ‌ ئەم ئەزمونە دووبارە بكەینەوە.
 
دواڕۆژ: لە ئێستادا پرسی كەركوك بابەتێكی هەستیارە بۆچی لەگەڵ پارتی لەسەر ئەم پرسە ناگەنە رێككەوتن؟
فەرید ئەسەسەرد:
پرسی كەركوك بابەتێكی نەتەوەییە و نامانەوێ‌ لە كەركوك حزبایەتی بكرێت، بەڵكو دەمانەوێت كوردایەتی بكرێت، هەر لایەنێكیش لە ئێمە مافی زۆرتر بێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی بێت، بەڵام هیچ لایەنێك نیە لە یەكێتی شایستەتر بێت بۆ ئەم پۆستە.

دواڕۆژ: چ هەوڵێكتان داوە بۆ ئەوەی دۆخی كەركوك ئاسایی بكەنەوە؟
فەرید ئەسەسەرد:
لەگەڵ پارتی هیچ هەوڵێك نەدراوە، چونكە ئەوان لەگەڵ یەكێتی كۆنەبوونەتەوە لەبارەی پرسی كەركوكەوە بۆ تاوتوێكردنی كێشەكان و چارەسەركردنیان، پارتی لەگەڵ توركمان و عەرەبەكان لە بەغدا لەسەر ئەو پرسانە كۆبوونەتەوە و باسی كەركوكیان كردووە، بەڵام تائێستا پارتی لەگەڵ یەكێتی باسی كەركوكی نەكردووە، ئەرشەد ساڵحی دەڵێت "ئێمە بەڵێنمان لە بارزانی وەرگرتووە كە هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ كەركوك"، هەروەها هادی عامری و عادل عەبدولمەهدی باس لەوەدەكەن كە بارزانی پێیوتوون "كێشەنیە پارێزگاری كەركوك كورد بێت یاخود كورد نەبێت"، مانای وایە ئەو پرسە لە بەغدا لەگەڵ ئەو لایەنانە و توركمانیش باسكراوە كە لەگەڵ ئەوان باس بكرێت و لەگەڵ یەكێتی باس نەكرێت بەدڵنیاییەوە دیارە كێشەیەكی گەورە سەبارەت بەو پرسە هەیە.

دواڕۆژ: ئایا بۆ یەكێتی جێگەی قبوڵە كە پارێزگاری كەركوك كورد نەبێت؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئێمە پێش هەموو شتێك دەمانەوێت كورد بێت، بەڵام لەبەرئەوەی یەكێتی لە كەركوك هێزی یەكەمە بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەم پۆستە بۆ یەكێتی بێت.
 
دواڕۆژ: پێتوایە كابینەی نوێ‌ زۆر زیاتر لە ئێستا دوابكەوێت كە 100 رۆژ زیاتر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیووە و پێكنەهاتووە تا ئێستا؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئەگەر لەسەر ئەم رەوتەی ئێستا بڕوات بەدڵنیاییەوە یان زۆرتر دەكێشێت یاخود لە بنەمادا هەر پێكناهێنرێت، ئەگەر  ئەوەش نەهاتەدی مانای وایە نەمانتوانیوە حكومەت پێكبهێنین ئەوكاتە دەبێت هەڵبژاردنی تازە ئەنجام بدەین، ئێمە تەنانەت لە پرسی بەكراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان یارمەتی پارتیمان داوە، چونكە ئەگەر پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدایە و پاشان كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راسپاردایە بە پێكهێنانی كابینەكەی لەماوەی مانگێكدا بەدڵنیاییەوە نەیدەتوانی پێكیبهێنێت، ئەوكاتە دەبوایە پارتی كاندیدێكی تر دیاری بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پارتی بۆ ئەوەی كاندیدێكی تر دیاری نەكات بۆیە داوایان كردووە دانیشتنی یەكەم بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە ئێمەش یارمەتیمان داون لەو روەوە ئەگەرچی دانیشتنی یەكەم لە یاساكانی هەرێم دا نییە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەو هەڵەیەمان كردوو دانیشتنەكەمان بە كراوەیی هێشتۆتەوە تا ئێستا، دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگیرێت كە ئێمە لەو بابەتەدا هاوكاری پارتیمان كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەوان بەوجۆرە سەیری ناكەن كە دیارییەك بووە یەكێتی پێشكەشی كردوون، بۆ ئەوەی دەستپێكێكی باش بێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

دواڕۆژ: لە گەڕی سێهەمی كۆبوونەوەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، دەبێت باسی دابەشكردنی پۆستەكان بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ یاخود چی؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئێمە بەهیچ شێوەیەك لە بابەتی پۆستەكانەوە دەست بە گفتوگۆ ناكەین، بەڵكو لە بابەتەكانی دیكەوە دەستپێدەكەین و پرسی دابەشكردنی پۆستەكانیش گرنگە، بەڵام ئێمە لەسەر بنەمای یەك پاكێجی و وردكردنەوەی هاوبەشی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكەین پاشان دەچینەسەر پۆستەكان، كێشەكە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نیە، كێشەكە لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی هەرێمە لە چوار ساڵی داهاتوو دا، شێوەی وردكردنەوەی مانای شەریكایەتییە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت.

دواڕۆژ: ئێوە دەتانەوێت چوار ساڵی ئایندەی هەرێم لە رووی بەڕێوەبردنەوە و شەراكەتەوە چۆن بێت؟
فەرید ئەسەسەرد:
دەمانەوێت ئەو هەڵانەی پێشوو كراوە جارێكی تر دووبارەنەبنەوە حكومەتی هەرێم بەمانای ووشە حكومەت بێت و بتوانێت جێبەجێ‌ بكات و هەموو لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت رۆڵیان هەبێت لە دروستكردنی بڕیار، هەروەها ئاگاداری وردەكاری دارایی بین و پرسی نەوت و هەموو بابەتەكان شەفاف بێت و ئاگاداری پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بین، ئەو بابەتانەشمان هەمووی بە پارتی وتووە و خۆشیان دەزانن مانای شەریكایەتی لای یەكێتی چی دەگەیەنێت.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure