سەركردەیەكی یەكێتی مەرجی كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی ئاشكرادەكات

هەواڵ / کوردستانی :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1605‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی ئاشكرایده‌كات كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتى به‌نده‌ به‌ ئازادكردنى كادیره‌كانیانه‌وه‌.


جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى كانونى دووه‌مى 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: پێنج كادیرمان له‌ سنورى پارتی زیندانیكراون تا ئەو كادیرانە ئازادنەكرێن، كۆبوونەوە ناكرێت.

سەبارەت بەوەی ئەوە مەرجی حیزبەكەیەتی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە لەگەڵ پارتی، هەورامی وتی: "بەڵێ مەكتەبی سیاسی وایان وتووە".

بڕیاربوو هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی ئەنجام بدرێت، بەڵام یەكێتی كۆبوونەوەكەی هەڵوەشاندەوە و داوای ئازادكردنی چەند كادیرێكیانی كرد، دواتر سەباح غانم، كادیری یەكێتی لە پارێزگای دهۆك كە لەلایەن پارتییەوە دەستگیركرابوو ئازادكرا.

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كانی 19ی كانونی یه‌كه‌می مانگی رابردوو، تاوه‌كو ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی دانوستانكاری هه‌ردوولا ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ڕێككه‌وتوون به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان شاندی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا ئه‌نجامبدرێت بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌ و نه‌هێشتنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی.

دواڕۆژ له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ زانیویه‌تی هه‌موو ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبدرێت، ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌می یه‌كێتیی، كه‌ وابڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوخۆی له‌سه‌ر ئاستی بڕیار به‌ده‌ستدانی ئه‌و حزبه‌ ئه‌نجامبدرێت.

پێشتر فرسه‌ت سۆفی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری پارتی رایگه‌یاند: هێشتا هیچ كات و واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی گه‌ڕی سێهه‌می كۆبوونه‌وه‌كان دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام پارتی جدیه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا گفتووگۆی جدی ده‌ستپێبكات.

وتیشى: "هه‌وڵ و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا ده‌گه‌نه‌ ده‌ره‌نجامی باش چونكه‌ ئه‌گه‌ر ناكۆكییش هه‌بێت رێگه‌چاره‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی كاتێكی دیاریكراو ئه‌نجامی باش به‌ ده‌ستده‌هێنرێت و با خه‌ڵكی كوردستان دڵخۆشبن".

پێشتر فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ لێدوانێكیدا به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو: زۆر ئاساییه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان دواده‌خرێن، به‌ڵام ئێمه‌ ناهێڵین كۆبوونه‌وه‌كان بگه‌نه‌ بنبه‌ست، چونكه‌ راسته‌ بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و هه‌ردوولاش خه‌بات و قوربانیانداوه‌ و شه‌ڕی داعشیان كردووه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی زۆریان له‌سه‌ره‌.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure