فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ى ته‌رمی چه‌كدارانی داعش زانیاری نوێ ئاشكراده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 2944‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
 زیاتر له‌ ساڵێك تێپه‌ڕ بووه‌ به‌سه‌ر كۆتایی هاتنى بوونى گروپى داعش له‌ سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستان،  به‌ڵام ئه‌وه‌ى تائێستا رون نییه‌ چاره‌نوسی ته‌رمى كوژراوه‌كانیانه‌ له‌به‌ره‌ى شه‌ڕدا كه‌ به‌شێكیان به‌ كۆمه‌ڵ نێژراون و به‌شێكیشیان به‌ر له‌ ناشتنیان وێنه‌یان گیراوه‌ بۆ ناسینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن كه‌سوكاریانه‌وه‌.

وه‌ستا ره‌سول، به‌رپرسی سه‌ربازی میحوه‌ری باشووری كه‌ركوكى هێزه‌كانى پێشمه‌ركه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌كاتی شه‌ڕه‌كانی پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی داعش چه‌ندینجار به‌ سه‌دان ته‌رمی چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ به‌ كوژراوی به‌جێهێڵراون و كه‌وتووه‌نه‌ته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ته‌رمه‌كان به‌شێكیان ده‌بران بۆ پزیشكی دادی كه‌ركوك و به‌شێكی تریشیان له‌ شوێنێكی گونجاو به‌ كۆمه‌ڵگ ده‌نێژران و به‌ پێی یاساكانی سه‌ربازیی و جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا. 
 
وتیشى: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاته‌كه‌ی زۆر ده‌مێكه‌ تێپه‌ڕبووه‌ و ته‌رمه‌كانیش زۆر بوون، بۆیه‌ نازانرێت له‌ سنووری كه‌ركوك چه‌ند ته‌رمی چه‌كدارانی داعش به‌جێماون". 

له‌ سنورى میحوه‌رى مه‌خموریش ته‌رمی نزیكه‌ی 210 چه‌كداری داعش له‌ نێوان سایلۆو شاره‌وانى قه‌زاكه‌دا به‌ كۆمه‌ڵ نێژراون. 

به‌رپرسێكی سه‌ربازی له‌و سنوره‌ كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیارى بابه‌ته‌كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی وت: "دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ مه‌خموور شكێندران و سنووره‌كه‌یان چۆڵكرد، به‌ سه‌دان ته‌رمیان له‌ دوای خۆیان به‌جێهێشت و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵ نێژران". 

 وتیشى: "له‌ فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ى ئێمه‌ 210 ته‌رمی چه‌كدارانی داعش له‌ناو چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ نێوان سایلۆو شاره‌وانی مه‌خمور نێژراون كه‌ به‌شێك له‌و ته‌رمانه‌ چه‌كداری بیانی بوون". 

له‌كاتى شه‌ڕی داعشدا له‌نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2017 بڕیارێك له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌ركرا كه‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌ستی پێشمه‌رگه‌ به‌ر له‌وه‌ی بنێژرێن وێنه‌یان بگیرێت. 

 وه‌ستا ره‌سول ده‌ڵێت"زۆربه‌ی ئه‌و ته‌رمانه‌ی ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ به‌رله‌وه‌ی له‌ ژێر خاك بشاردرێنه‌وه‌ یان ره‌وانه‌ی پزیشكی داد بكرێن وێنه‌یان ده‌گیراو دواتر ئه‌و وێنانه‌ كرانه‌ ئه‌لبوومێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك كه‌سوكاریان هاتن داوای ته‌رمه‌كانیان كرده‌وه‌ له‌ رێگه‌ی وێنه‌كانه‌وه‌ ئاسانكاریان بۆ بكرێت و ته‌رمه‌كان وه‌ربگرنه‌وه‌".

له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014 كاتێك چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر پارێزگای موسڵ، ئه‌نبار، دیاله‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان داگیركرد و  دواتر هێرشی كرده‌ سه‌ر به‌شێكی خاكی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ رووبه‌ڕوویان بونه‌وه‌. 

لیوا قاره‌مان كه‌مال، جێگری سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ته‌رمی چه‌كدارانی داعش كه‌ به‌جێده‌هێڵدران زۆربه‌یان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ شوێنێكی گونجاو نێژراون و به‌شێكی تریشیان راده‌ستی پزیشكی دادی پارێزگاكان كران و ره‌نگه‌ دواتر ئه‌وانیش له‌ شوێنێك ناشتبیانن. 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر پێشنیار كرا بۆ ئه‌وه‌ى ته‌رمى چه‌كداره‌ بیانه‌كانى داعش به‌ بڕێك پاره‌ راده‌ستى كه‌سوكاریان بكرێته‌وه‌و داهاته‌كه‌شی بدرێته‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان، به‌ڵام پڕۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند نه‌كرا له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌.  

  مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌رپرسی پێكه‌وه‌ ژیان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی كه‌ خاوه‌نى پڕۆژه‌كه‌ بوو به‌ دواڕۆژی وت" پێشتر پڕۆژه‌كه‌م ئاڕاسته‌ى لیژنه‌ی باڵای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كرد  و تیایدا پێشنیارم كرد كه‌ ته‌رمی چه‌كدارانی داعش له‌شوێنێكی تایبه‌ت له‌ ژێر خاك بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو ئه‌وانیش نه‌كرێنه‌ گۆڕی پیاوچاكان و  یه‌كێكی تر له‌ پێشنیاره‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ ته‌رمه‌كانى داعش به‌ ناو و وێنه‌وه‌ هه‌ڵبگیرێن و دواتر به‌ پاره‌یه‌ك بفرۆشرێنه‌وه‌ كه‌سوكاریان و پاره‌كه‌ش بدرێته‌ كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌و كاری پێ نه‌كرا".
  پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure