حكومه‌تى هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تى له‌ توركیا ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 274‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئاماده‌كارییه‌كانى كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ توركیا كۆتایپێهاتووه‌ و وابڕیاریشه‌ له‌ دواى سه‌ردانیكردنى نێچیرڤان بارزانى به‌ فه‌رمى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌و وڵاته‌ بكرێته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا له‌سه‌ر میلاكى فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌رى بۆ دامه‌زرێنراوه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، له‌ كۆتایى ساڵى 2018 شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم چووەته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌موو رێوشێنه‌ یاسییه‌كانیش له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ تورکیا ته‌واوكراوه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا دواى سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى چ وه‌كو سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، یاخود وه‌كو سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ ده‌كرێته‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ئێستادا نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ توركیا له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌رى بۆ دامه‌زرێنراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى نافه‌رمیش داوا له‌ سه‌فین دزه‌یى كراوه‌ ببێته‌ نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ توركیا، به‌ڵام ناوبراو ره‌تیكردووەته‌وه‌ و داوايكردووه‌ كه‌سێكى دیكه‌ دابنرێت.

لاى خۆیه‌وه سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: حکومەتی تورکیا بە فەرمی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو داوایەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەوکات بەهۆی رەوشی داراییەوە نەتوانراوە نوێنەرایەتییەکە بکرێتەوە.

وتیشى: "بە کردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەت پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باشتر ده‌بێت، چونكه‌ کردنەوەی نوێنەرایەتی لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە گرنگییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ هه‌ردوولا".

هاوكات سه‌عدى پیره‌، لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان بێئاگایى خۆى له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێم له‌ توركیا ده‌ڕبڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: كارى حكومه‌ته‌ له‌سه‌ر بنه‌مایى كه‌فائه‌ت كه‌سێك دابنێت بۆ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ نه‌ك حیزبی.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure