حاكم رزگار: وه‌ك كه‌سێكى بێلایه‌ن خۆم كاندید كردووه‌

هەواڵ / عێراق :: 12/01/2019‌ :: 915‌ جار بینراوە
حاكم رزگار حه‌مه‌ئه‌مین

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
یه‌كێتى سووربوونى خۆى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق دووپاتده‌كاته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا حاكم رزگار رایده‌گه‌یه‌نێت: وه‌ك كه‌سێكى بێلایه‌ن خۆى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدكردووه‌.


به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى، به‌ دواڕۆژى وت: "ئێمه‌ تائێستا سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێویسته‌ كاندیدى یه‌كێتى بێت بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق".

وتیشى: "تا ئێستا ناوى كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌ ره‌سمى نه‌نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مان، ئه‌و لیسته‌شى كه‌ ناوى حاكم رزگارى تێدایه‌ ته‌نیا له‌ میدیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و به‌ ره‌سمى نه‌هاتووه‌ بۆ په‌رله‌مان".

به‌ختیار شاوه‌یس، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: پێویسته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بكرێت و عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ ره‌سمى بینێرێت بۆ په‌رله‌مان و یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌و پرسه‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌ و دواخراوه‌ بۆ كاتێكى نادیار.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، حاكم رزگار حه‌مه‌ئه‌مین كاندیدى پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق، به‌ دواڕۆژى راگەیاند: پێش ده‌ستپێكردنى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق سایتێكى بۆ دانرا، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى خوازیارن پۆست وه‌ربگرن سیڤى بنێرن، منیش سیڤیم نارد بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدبكرێم بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد.

باسى له‌وه‌شكرد: كه‌س به‌ ره‌سمى هیچى به‌ من نه‌وتووه‌ و له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكیش له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌م نه‌كردووه‌، وه‌ك كاندیدێكى بێلایه‌نیش سیڤیم ناردووه‌، چونكه‌ دادوه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى بێلایه‌نه‌.

حاكم رزگار، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سه‌رۆكى حكومه‌ت ناوى كاندیده‌كان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان ده‌كات و له‌وێ ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: ئه‌گه‌ر ببم به‌ وه‌زیرى داد خزمه‌تى یاسا و دادپه‌روه‌رى ده‌كه‌م، كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بزانم كێشه‌ى خه‌ڵك له‌و وه‌زاره‌ته‌ چیه‌ و هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى هاووڵاتیان ده‌ده‌م، كاریش بۆ هه‌موو خه‌ڵكى عێراق به‌ گشتى و به‌تایبه‌ت هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure